پووتین بۆ ماوەی 3 رۆژ هێرشکردنە سەر کیێڤ رادەگرێت

سەرۆکی رووسیا فەرمانی راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ بۆ ماوەی 3 رۆژ دەرکرد، ئەم بڕیارەش هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ بۆ مۆسکۆ.

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، کۆشکی کرملین رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، لە کاتی پێشوازیکردن لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر دراوە، بۆ ئەو مەبەستەش، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بڕیارەکەی دەرکردووە و ماوەی ئەو سێ رۆژە هیچ هێرشێک بۆ سەر کیێڤ ناکەن.

نێردراوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەممە بە مەبەستی گەڕان بەدوای دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا گەیشتنە مۆسکۆ.

پێنجشەممەی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند، کوشنەر و ویتکۆف بۆ مۆسکۆ و کیێڤ دەنێرێت، ئەو نێردراوانە هەڵگری پێشنیازێکن بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ماوەی 4 ساڵە لە ئۆکرانیا بەردەوامە.

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی نێردراوەکانی گوتی: "ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر کە دوو دانوستانکاری لێهاتوون، رەوانەی مۆسکۆم کردوون، ئەوان کارێکی ناوازەیان کردووە، ناردوومن بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانین بگەینە رێککەوتنێک یان نا، رەنگە دەرفەتێکی باش بۆ بەدیهێنانی ئەوە هەبێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ روونیکردەوە، ئەوان هەڵگری پێشنیازێکن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تووشی ئاستەنگ بوون. ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە سەرنجی واشنتن زیاتر چووەتە سەر جەنگی دژی ئێران، بە جۆرێک جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا بووەتە گەورەترین ململانێ لە ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کە بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی و سەدان هەزار سەرباز کوژراون.