بەهۆی دزەپێکردنی نهێنییەکانی چەک، پێنتاگۆن پشکنینی درۆ بۆ 50 بەرپرسی باڵا دەکات
نزیکەی 50 ئەندامی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فراوان، خراونەتە ژێر پشکنینی ئامێری ئاشکراکردنی درۆکردن، ئەم رێکارە دوای دزەکردنی زانیارییە نهێنییەکان دێت دەربارەی کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییە گرنگەکانی ئەمریکا لە کاتی جەنگی ئێراندا.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئەم پشکنینانە لە مانگی ئابدا کراون، دوای ئەوەی زنجیرەیەک راپۆرتی میدیایی باسیان لە کەمبوونەوەی چەک و مووشەکە دوورهاوێژەکان و سیستەمی پاتریۆت کردبوو، لێکۆڵەران پرسیاریان لە ئەفسەران و کارمەندانی مەدەنی دەستەی ئەرکان کردووە کە ئایا ئەوان ئەو زانیارییانەیان بۆ رۆژنامەنووسان گواستووەتەوە یان نا.
ئەدمیراڵی خانەنشین، دۆناڵد جێی گۆتەر، راوێژکاری باڵای یاسایی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا، راگەیاندووە بەکارهێنانی پشکنینی درۆ بەم شێوە فراوانە و بۆ ئەم ئاستە بەرزەی بەرپرسان، لە مێژووی سوپای ئەمریکادا بێوێنەیە و رووی نەداوە.
کەشی بێ متمانەیی لەناو پێنتاگۆن
ئەم لێکۆڵینەوانە بوونەتە هۆی دروستبوونی کەشێکی پڕ لە گومان و بێ متمانەیی لەناو وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا، بەرپرسانی ئێستا و پێشوو رایانگەیاندووە، پیت هیگسێت، وەزیری جەنگ، رۆڵی هەبووە لە قووڵکردنەوەی ئەم دۆخەدا، هیگسێت لە ماوەی دەسەڵاتیدا رێگری لە پلەبەرزکردنەوەی لانی کەم 80 جەنەڕاڵ و بەرپرسی باڵا کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی سی بی ئێس نیوز بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی لەم دزەپێکردنانە تووڕە بووە، بەو پێیەی تەنیا بازنەیەکی بچووک لە بەرپرسان دەستیان بەو زانیارییانە گەیشتووە، ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە رەنگە یەکێک لەوانە بۆ بەرژەوەندی دەزگایەکی هەواڵگری بیانی کاری کردبێت.
رەخنە سیاسییەکان و گوشاری کۆنگرێس
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، هەندێک لە کۆمارییەکان لەناو کۆنگرێس دەستیان بە رەخنەگرتن لە وەزیری جەنگ کردووە، سیناتۆر تۆم تیلیس، ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیران، داوای لە ترەمپ کردووە هیگسێت بگۆڕێت، تیلیس گوتی: "تا ئێستا ئیدارەیەکم نەدیوە بەم بڕە لە بێتوانایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پیاو و ژنە ئازایانە بکات کە خزمەتی وڵاتەکە دەکەن."
هۆکاری سەرەکی لێکۆڵینەوەکە
ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات، میدیاکان باسیان لەوە کرد کۆگاکانی چەکی ورد و مووشەکی تاد و پاتریۆت بەهۆی تێوەگلان لە جەنگی ئێرانەوە بەرەو خاڵیبوون دەچن، هەرچەندە ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ ئەم هەواڵانەی رەتکردەوە و بە خەیانەت وەسفی کردن، بەڵام وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تیمی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی داد پێکهێناوە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دزەپێکردنەکان و هەڕەشەی سزای زیندانی درێژخایەن بۆ ئەو کەسانە دەکات کە زانیارییە نهێنییەکان بڵاودەکەنەوە.