خاتەمولئەنبیا بۆ ئەمریکا: گورزەکانمان بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانتان توندتر دەکەین

گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سوپای ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر واشنتن لە گەمارۆی دەریایی و فشارەکانی بۆ سەر تاران بەردەوام بێت، وەڵامێکی توندمان دەبێت. 

شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هۆشداری دەدەین بە سوپای ئەمریکا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەر چەشنە سەرکێشی و دەستبەسەرداگرتن و هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکانی ئێران و بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی، وەڵامی هێزە چەکدارەکانمان بۆ سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زۆر توندتر دەبێت لەوەی پێشتر بینیویانە."

هەروەها رایگەیاند، ئەم وەڵامدانەوانە تەنیا لە یەک شوێندا سنووردار نابن، بەڵکو ئەگەری فراوانبوونی ئۆپراسیۆنەکان و گورزەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لە ئارادایە.

 ئەم هۆشدارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و ناوچە دەریاییەکاندا بە تایبەت گەرووی هورمز گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێرشەکان روویان لە زیادبوونکردووە.

هاوکات ئەم هۆشدارییەی ئێران، وەکو وەڵامێکە بۆ راگەیەنداروەکەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم )، کە شەممە 5ـی ئەیلوول رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستیکەوە هێرشیکردووەتە سەر دوو کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییەکی تێکشکێنەری مووشەکی ئاراستەکراو پێکهاتبوون و لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەی سەربازی لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بوون.

فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرایکرد، کەشتییە جەنگییەکانیان بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشە بێپاساوەکانی ئێران پاراستووە و هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سەربازانی ئەمریکیدا تۆمار نەکراوە.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشەدا، هێزەکانی سێنتکۆم کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Downy)ـی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکانی دوورگەی خارک و کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Stark 1)ـیان لە نزیک جاسک بۆ هەمیشە لەکارخست و پەکیانخست. هەروەها لە دەریای عومان، هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی نەوتهەڵگری بەتاڵی (M/T Kylo)یان کە بە "نۆکسن"یش ناسراوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەستەی کەشتییەکە بۆ بەجێهێشتنی، لە چەندین شوێنی هەستیارەوە بۆردومانکرد و بە تەواوی لەناویان برد.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم سێ کەشتییە بەشێک بوون لە تۆڕێکی داراییی سێبەری چەندین ملیار دۆلاری کە داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دابین دەکرا و تاران هیچ توانایەکی نییە بۆ پاراستنیان.

براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "با ئەم پەیامە بۆ سوپای پاسداران زۆر روون بێت، ئەگەر ئێوە تەقە لە دوو کەشتیی ئێمە بکەن، ئەوا ئێمە باجێکی ئابووریی زۆر قورستان بەسەردا دەسەپێنین و سێ کەشتیی ئێوە لەناودەبەین. ئێمە لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا دوودڵ نابین و ئەگەر پێویست بکات سەرجەم ئەو کەشتیگەلە نەوتییە سنووردار و بێبەرگرییەی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنین."