وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرپرسیارن لە دەرئەنجامی هێرشەکانمان
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە سوپای ئەمریکا، لە کەنداوی فارس و دەریای عومان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئێران ئەنجامیداون.
شەممە 5ـی ئەیلوولی 2026، لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: " کردەوە نایاساییەکانی ئەمجارەش، درێژەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکایە و بەشێکە لە گەمارۆی دەریایی و جەنگی ئابووریی ئەو دژی نیشتمانەکەمان، روونیشیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنێکی روونی بەندی 4 لە ماددەی 2ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بە تاوانی جەنگ و هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ سەر ئاشتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی دەریاوانی بازرگانی دادەنرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر پێداگریی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی لە بەرامبەر ئەوەی بە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەمریکا ناوی بردووە، هەروەها روونیکردووەتەوە، بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان بێ وەڵام نامێنێتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریداوە، واشنتن و هاوپەیمانەکانی بەرپرسیارن لە هەر دەرئەنجامێکی نەخوازراو کە بەهۆی بەردەوامیی ئەم جۆرە کردەوانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکەوێتەوە.
هاوکات قەرارگای خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشداریدا، ئەگەر گەمارۆیی دەریایی و فشارە ئابووریەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، تاران وەڵامێکی توندی دەبێت و لە بەرامبەردا، بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیدەکەنە ئامانج. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستیکەوە هێرشیکردووەتە سەر دوو کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییەکی تێکشکێنەری مووشەکی ئاراستەکراو پێکهاتبوون و لە کاتی ئەنجامدانی دەوریەی سەربازی لە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا بوون. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاکرد، کەشتییە جەنگییەکانیان بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشە بێپاساوەکانی ئێران پاراستووە و هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی سەربازانی ئەمریکیدا تۆمار نەکراوە.
لە کاردانەوەی ئەم هێرشەدا، هێزەکانی سێنتکۆم کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Downy)ـی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە کەناراوەکانی دوورگەی خارک و کەشتیی نەوتهەڵگری (M/T Stark 1)ـیان لە نزیک جاسک بۆ هەمیشە لەکارخست و پەکیانخست. هەروەها لە دەریای عومان، هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی نەوتهەڵگری بەتاڵی (M/T Kylo)یان کە بە "نۆکسن"یش ناسراوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەستەی کەشتییەکە بۆ بەجێهێشتنی، لە چەندین شوێنی هەستیارەوە بۆردومانکرد و بە تەواوی لەناویانبرد.
سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەم سێ کەشتییە بەشێک بوون لە تۆڕێکی دارایی سێبەری چەندین ملیار دۆلاری کە داهاتەکەی بۆ سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا دابین دەکرا و تاران هیچ توانایەکی نییە بۆ پاراستنیان.
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: "با ئەم پەیامە بۆ سوپای پاسداران زۆر روون بێت، ئەگەر ئێوە تەقە لە دوو کەشتیی ئێمە بکەن، ئەوا ئێمە باجێکی ئابووریی زۆر قورستان بەسەردا دەسەپێنین و سێ کەشتیی ئێوە لەناودەبەین. ئێمە لە بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا دوودڵ نابین و ئەگەر پێویست بکات سەرجەم ئەو کەشتیگەلە نەوتییە سنووردار و بێبەرگرییەی ئێران بە تەواوی تێکدەشکێنین."