رەخساندنی هەلی کار بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کۆچکردنی گەنجان

بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، ئامار و وردەکاریی نوێی دەربارەی دۆخی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند، رێژەی کۆچکردن بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

سیروان گەردی، بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند،  رێژەی کۆچی گەنجان لە ساڵی 2025 و نۆ مانگی یەکەمی 2026ـدا، بەراورد بە ساڵانی 2021 و 2022 کە زیاتر لە رێگەی بێلاڕووس و تورکیاوە بوو، بە رێژەی 45% بۆ 50% دابەزیوە، روونیکردەوە لە سەرەتای ساڵی 2026ـدا، نزیکەی 350 بۆ 400 گەنج لە رێگەی تونس و لیبیاوە کۆچیانکردووە، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی کێشەکان و دەستگیرکردنەوە گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

سیروان گەردی جەختیکردەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی کۆچ، بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئەیلوولی 2021ـدا، کە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی پابەندکردووە بەوەی دەبێت 75%ـی هێزی کار لە ناوخۆ دابین بکرێت، گوتیشی،" تەنیا لە هەولێری پایتەخت، زیاتر لە 1400 شوێنی گەشتیاری (هوتێل، رێستورانت و کافتریا ) هەن کە دەبێت ئەم بڕیارە جێبەجێبکەن، ئەمەش هەلی کاری زۆری بۆ گەنجان رەخساندووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان ئاماژەی بە پڕۆژەی قەرزی بچووک کرد و گوتی: "پێش ساڵی 2014، زیاتر لە 77 ملیار دینار وەک قەرزی بچووک دراوە بە گەنجان، کە تا ئێستا نزیکەی 40 ملیار دیناری گەڕاوەتەوە، ئەم پڕۆژەیە توانیویەتی 21 هەزار هەلی کار لە بوارە جیاجیاکانی وەک سەرتاشخانە، نانەواخانە و پیشە دەستییەکاندا بۆ گەنجان دابینبکات."

سیروان گەردی نیگەرانی خۆی نیشاندا، هێشتا رێژەی کۆچ لە قەزا و ناحیەکان، بەتایبەت لە ناوچەکانی رانیە و قەڵادزێ، لە ئاستێکی بەرزدایە، وەک نموونە روونیکردەوە، لە هەندێک گەڕەکی ئەو ناوچانەدا، لە کۆی 20 گەنج نزیکەی 16ـیان کۆچیانکردووە.

لە کۆتاییدا، بەرپرسی تۆڕی هەماهەنگی رێکخراوەکان، داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، زیاتر جەخت لەسەر خوێندنی پیشەیی و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت بکاتەوە، هەروەها جەختیکردەوە لە پێویستی چاودێریکردنی وردی کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دامەزراندنی گەنجانی ناوخۆ و دابینکردنی مافەکانیان لە لایەن دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە، تاوەکو گەنجان لە ناوخۆی وڵاتدا هەست بە ئارامیی پیشەیی بکەن و بیر لە کۆچکردن نەکەنەوە.