دادگای سلێمانی رۆژی پێنجشەممەی بۆ دادبینی لاهوور شێخ جەنگی دیاری کرد
دادگای سلێمانی رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەک وادەی نوێی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و شەش تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی لالەزار دیاری کرد، بۆ ئەوەی وتەی ئەو کەسانە وەربگیرێت کە لە دانیشتنەکانی پێشوودا مابوونەوە.
دانا تەقیەددین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "دادگای سلێمانی رۆژی پێنجشەممەی دیاری کرد بۆ دادبینی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو شەش کەسەی کە ماون لە کۆی ئەو 12 کەسەی کە وتەیان لێ وەرنەگیراوە، لەو رۆژەدا گوتەیان لێ وەردەگیرێت."
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ تیمی پارێزەران سەردانی دادوەری دادگای 2ی لێکۆڵینەوەی سلێمانییان کرد بە مەبەستی خێراکردنی رێکارەکان. دانا تەقیەددین ئاماژەی بەوە کرد، لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا، لە کۆی 12 تۆمەتباری دۆسیەی ماددەی 56، وتە لە 6 کەسیان وەرگیراوە. ئەو تۆمەتبارانە لەبەردەم دادوەردا رایانگەیاندووە کە "ئەو وتانەی پێشتر لە زیندانی ئاسایش لێیان وەرگیراوە لەژێر فشاردا بووە و پارێزەریان لەگەڵ نەبووە"، بۆیە دادوەر بڕیاری داوە لە سەرەتاوە وتەیان لێ وەربگیرێتەوە.
دۆسیەی لالەزار یەکێکە لە دۆسیە ئاڵۆزەکان و بە گوتەی تیمی پارێزەران، تەنیا دۆسیەی ماددەی 56 زیاتر لە 600 لاپەڕەیە، جگە لە دۆسیەی ماددەی 106 کە تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست و قەبارەکەی لەوەی یەکەم گەورەترە. تا ئێستاش 27 کەس پەیوەست بەم کەیسە لە زیندانن.
تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی جەخت دەکەنەوە کە پێویستە دادگا بە زووترین کات ئەم بابەتە یەکلا بکاتەوە، چونکە دواکەوتنی دانیشتنەکان کە هەندێک جار پێنج مانگی خایاندووە، نیگەرانی زۆری لای بنەماڵەی دەستگیرکراوان و لایەنگرانی بەرەی گەل دروست کردووە. بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دادبینییەکە لەو خاڵەوە دەست پێ بکاتەوە کە تێیدا وتەی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو پێنج تۆمەتبارەی دیکە وەردەگیرێت کە ناویان لە ریزبەندییەکەدا مابوو.
تا ئێستا 27 کەس پەیوەست بەم کەیسە لە زیندانن،تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ئەوەیان بۆ پەیامنێری کوردستان24 روون کردەوە، تێبینییان لەسەر رێکارە یاساییەکانی پێشوو هەیە و دەڵێن: "ئەو وتانەی پێشتر لە تۆمەتباران وەرگیراون و تیایدا دانیان بە تاوانەکاندا ناوە، لە کاتێکدا بووە کە پارێزەریان لەگەڵ نەبووە، ئەمەش لە رووی یاساییەوە باتڵە و کاری پێ ناکرێت."
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.