ئاشتیی سینەما و جەماوەر؛ نمایشی نزیکەی 200 فیلم لە هەولێر
پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر" دەرەنجامی باشی هەبووە و ئێستا بینەرێکی زۆر کە بەشێکیان گەشتیاران، روو لە سینەماکانی هەولێر دەکەن.
ماوەی چوار ساڵە بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر بە پشتگیریی پارێزگاری هەولێر، رۆژانی چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، فیلمێکی سینەمایی کوردی لە سینەما "کریستاڵ" نمایش دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر، لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا نزیکەی 200 فیلمی سینەمایی کوردی نمایش کراون.
ئەو، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، "خەڵکێکی زۆر روو لە سینەما دەکەن، بەشێکیان گەشتیارن". روونیشی کردەوە، هەندێ هەفتە سێ جار فیلمەکە نمایش کراوەتەوە.
کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی چوارشەممەی هەر هەفتەیەک، فیلمە کوردییەکان نمایش دەکرێن. نرخی بلیتی سینەما لە هەولێر 12 هەزار دینارە، بەڵام لەو پرۆژەیەدا بلیت بێبەرامبەرە.
سەرەڕای ئەوەی وەک شاخەوان مستەفا باسی کرد، ماوەی چەند ساڵێکە بە هۆی تەنگژەی داراییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیریی ماددی لە هیچ پڕۆژەیەکی سینەمایی نەکردووە، بەڵام دووپاتیکردەوە، هاوکاری لۆجستی ئەوان بۆ سینەماکاران و دەرهێنەران، بەردەوامە.
جیا لە پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر"، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر بە مەبەستی کاری هاوبەش، "هاوئاهەنگی تەواو"ـی لەگەڵ کۆنسولخانەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و کاری هاوبەش دەکەن.
شاخەوان مستەفا لەوبارەوە گوتی، "لەگەڵ زۆربەی وڵاتان وەک میسر، هیندستان، ئیرلەندا و ... چالاکی هاوبەشمان هەیە و فیلمی هاوبەشمان بەرهەمهێناوە و نمایش کراوە".