بلومبێرگ: ململانێی رووسیا و ئۆکرانیا هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکات
هێرشە بەردەوامەکانی رووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بەندەرەکانی یەکتر لە دەریای رەش و دەریای ئازۆڤ، لەگەڵ شەپۆلی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا، بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان دەربارەی دابینکردنی خواردن لە ئاستی جیهاندا.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، هێرشەکان کە نزیکەی دوو مانگە بەردەوامن، توانای هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رووسیا و ئۆکرانیا سنووردارکردووە، ئەمەش پاڵی بە نرخەکانی گرێبەستی داهاتووی گەنمدا ناوە تا بگەنە بەرزترین ئاستیان لە سێ ساڵی رابردوودا.
رووسیا و ئۆکرانیا بەیەکەوە زیاتر لە چارەکێکی هەناردەی گەنمی جیهان دابیندەکەن، هەروەها هەردوو وڵات بڕێکی زۆر لە جۆ، گەنمەشامی و رۆنی گوڵەبەڕۆژە بەرهەم دەهێنن.
رووسیا لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا چەندان جار ژێرخانی هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئۆکرانیا کردووەتە ئامانج، لە مانگی تەممووزدا، ئەم هێرشانە توندتر بوون و بەندەرە سەرەکییەکانی وەک ئۆدێسا، چۆرنۆمۆرسک و پیڤدێنی کرانە ئامانج.
لە هەمان کاتدا، بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەسەر رووباری دانوبیش بوونەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکە بەهۆی گەرمای هاوینەوە، کێشەی گواستنەوەی بارەکان زیاتر کردووە.
لە بەرامبەردا، هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر بەندەر و کەشتییەکانی رووسیا لە دەریای رەش و دەریای ئازۆڤیش کاریگەری لەسەر رێڕەوی هەناردەکردنی دانەوێڵەی رووسیا داناوە.
کەمبوونەوەی هەناردەی گەنم
بەگوێرەی زانیارییەکانی راپۆرتەکە، هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، وەزیری کشتوکاڵی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، هەناردەکان لە مانگی ئابدا گەیشتوونەتە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی ئەو بڕەی کە توانای هەناردەکردنی هەبوو.
رووسیاش لە مانگی ئابدا کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە گەنمەی هەناردە کردووە کە لە هەمان مانگی ساڵی پێشوودا هەناردەی کردبوو، کۆمپانیای توێژینەوەی SovEconیش پێشبینی کردووە هەناردەی گەنمی رووسیا لە مانگی ئەیلوول بگاتە نزمترین ئاست بۆ ئەم مانگە لە ساڵی 2010ـەوە.
کاریگەری لەسەر بازاڕی خواردن
دەریای رەش یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە جیهان، بەشێکی گەورە لە بازرگانی گەنم، گەنمەشامی و ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە لەم ناوچەیەوە دەگوازرێتەوە.
رووسیا بە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی گەنم لە جیهان دادەنرێت و بەردەوامیی دەستگەیشتن بە ڕێڕەوی دەریای ڕەش بۆ بازاڕە جیهانییەکانی خواردن گرنگییەکی زۆری هەیە.
شارەزایانی بازاڕ دەڵێن گەنمی دەریای ڕەش زۆرجار لە هەرێمەکانی تری جیهان هەرزانترە. بۆیە، ئەگەر هەناردەکان بە شێوەیەکی بەردەوام تێکبچن، ئەو وڵاتانەی بە نرخ هەستیارن یان دەبێت داواکارییەکانیان کەم بکەنەوە یان نرخێکی بەرزتر بۆ دانەوێڵە بدەن، ئەمەش دەتوانێت گوشار بخاتە سەر نرخەکانی خواردن لە جیهاندا.
هەڕەشەی کەشوهەوا و نەبوونی پێویستییە کشتوکاڵییەکان
لەگەڵ کێشەکانی دەریای ڕەش، شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان، شەپۆلە گەرماکانی ئەوروپا زیانیان بە بەرهەمی کشتوکاڵی گەیاندووە، لە کاتێکدا وشکەساڵی لە ناوچە کشتوکاڵییە سەرەکییەکانی ئەمریکاش کاریگەری لەسەر بەرهەمی دانەوێڵە هەیە.
هەروەها، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گەڕانەوەی دیاردەی ئەل نینیۆ رووداوە نائاسایییەکان لە بەرهەمی کشتوکاڵدا زیاتر بکات.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئاڵۆزییەکانی رێڕەوی بازرگانی لە گەرووی هورمز فشارێکی زیاتر لەسەر دابینکردنی سووتەمەنی، پەین و هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ دروست کردووە.
هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخەکان ئێستا نزیکە لەو ئاستەی لە ساڵی 2022 تۆمارکراوە، بەڵام بەردەوامی قەیرانەکان و ئاڵۆزی لە ناوچەکە دەتوانێت کاریگەری گەورەتر لە 2022 دروست بکات و نرخی خۆراک لە بازاڕە جیهانییەکاندا بگەیەنێت بە ئاستێکی نوێی پێوانەیی.