سێنتکۆم ئاماری ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی دژی ئێران بڵاویکردەوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریرایگەیاند، لەپێناو دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنیدنی رێکارە توندەکانی گەمارۆیی دەریایی سەر ئێران، هێزەکانیان رێڕەوی 92 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و چەندین ئۆپەراسیۆنی پشکنینیان کردووە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" روونیکردووەتەوە، فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری "ئێف-35 ئەی" سەر بە هێزی ئاسمانی ئەمریکا، بەردەوامن لە کردنی گەشتی چاودێری بەسەر ئاوە هەرێمییەکاندا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی فەرماندەیی ناوەندی بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی دژی ئێران.
هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، تاوەکو رێکەوتی 6ـی ئەیلوول، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 92 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و 3 کەشتییان پەکخستووە، هەروەها هێزەکان چوونەتە سەر پشتی 2 کەشتیی دیکە بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونی تەواو بە رێسا و رێکارە دیاریکراوەکان و رێگری لە هەر پێشێلکارییەک.
لە بەرامبەردا، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، "دوژمن هەموو توانایەکی بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران خستووەتەگەڕ، بەڵام بە هەوڵی هەموولایەک و خۆڕاگریی خەڵک، لە شەڕی ئابووریشدا لووتی دوژمن دەشکێنن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی دایە واشنتن و گوتی، "ئەمریکییەکان تێگەیشتوون سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوسەنگ کۆتایی هاتووە. ئێستا لە نێوەڕاستی جەنگێکی گشتگيرداین، بەهۆی لێدانە قورسەکانی هێزە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بێهیوا بوون و پەنایان بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە بە ژیریی دەستکرد بردووە".
هەروەها ئەوەی خستەڕوو، لێدانەکان تەنیا سەرەتایەک بوون، ئەگەر تاوەکو ئێستا تێنەگەیشتوون، دەبێت بزانن یاساکانی یارییەکە گۆڕاون، لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران، وەڵامێکی خێراتر، قورستر و بەئازارتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران روونی کردەوە، لە پاڵ مەیدانی سەربازیدا، شەڕی سەرەکییان لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و بژێویی خەڵکدایە. ناجێگیریی نرخی دراو، هەڵاوسان، بێکاری و بەڕێوەبردنی بازاڕ ئەو چوار کێشە سەرەکییەن گوشاریان خستووەتە سەر هاووڵاتییان.
گوتیشی، "لەکاتێکدا دوژمن بە تووندکردنی سزاکان دەیەوێت ئابووریی ئێران پەکبخات، پێویستە پشت بە بەرهەمی ناوخۆ و توانای گەنجان ببەسترێت. خەڵک بەرگەی سەختییەکان دەگرن، بەڵام بەرگەی خراپ بەڕێوەبردن و کەمتەرخەمی ناگرن، لەبەرئەوە چاوەڕوانن بە خێرایی چارەسەری ئەم دۆخە بکرێت".
وەک قالیباف گوتی، رێبەری باڵای ئێران رێنمایی داوە خۆیان بە لاواز نیشان نەدەن، ئەمەش رێکارێکی ستراتیژییە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا رەچاو بکرێت. ئەمە بەو واتایە نایەت رەخنە و کێشەکان فەرامۆش بکرێن، بەڵکوو پێویستە چارەسەرکردنیان بخرێتە بەرنامەی کاری سەرەکییەوە.