عێراق جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی لەگەڵ واشنتن دەکاتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستیی پەیڕەوکردنی زمانی دیالۆگ و ئامرازە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلان. 

یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی لە ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییە هاوبەشەکان لە سێکتەر و بوارە جیاوازەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە برەودان بە بنەمای هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات بکات.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بە گشتی باس لە بارودۆخی ناوچەکە کراوە؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتەستبەستن بە گفتوگۆ و ئامرازە دیپلۆماسییەکان وەک تاقە ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، ئەمەش لە پێناو بەهێزکردنی پایەکانی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای گەلانی ناوچەکە.