ویتکۆف: لە 48 کاتژمێریرابردوودا بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە لە مۆسکۆ و کیێڤ دەستمان بە دانوستان کردووە

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردراوانی سەرۆکی ئەمریکا لە کیێڤ، جەختی کردەوە کە پرسی دۆنباس کێشەی تەواوی جەنگ و مانەوەی ئۆکراینایە، هاوکات شاندی ئەمریکاش دووپاتیان کردەوە کە واشنتن بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی و ئاشتییانەدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە گوتارەکەیدا لە کۆشکی ماریینسکی لە کیێڤ رایگەیاند: "ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی لە بەیانییەوە تا شەو بۆ سەر هاووڵاتییانمان زیاد کردووە؛ ئێمەش بە هەمان شێوە وەڵام دەدەینەوە تا ئەو کاتەی جەنگ کۆتایی دێت.

زێلێنسکی باسی لەوەش کردووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ڕووسیا، لەگەڵ 67 کۆمپانیای ناوخۆیی کار دەکەین کە سێ تا پێنج کۆمپانیایان گەیشتوونەتە بەرهەمی کرداری بۆ خستنەخوارەوەی بەکۆمەڵی درۆنەکان. سەبارەت بە پرسی دۆنباسیش، ئەمە تەنیا کێشەی جوگرافیای دۆنباس نییە، بەڵکو پرسی ڕێزگرتنە لەو هاووڵاتییانەی لەوێ دەژین یان بە زۆر وەدەرنراون و ئاوارە بوون؛ دۆنباس پرسی تەواوی ئەم جەنگەی مانەوە و شەڕی پشوودرێژییە و ئامانجی سەرەکیی خاکی رووسیایە."

سەرۆکی ئۆکراینا سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی و گوتی: "سەربازەکانمان لە بەرەکانی رۆژهەڵات سەنگەرەکانیان بەهێز کردووە و لەو شوێنانەی دوژمن هێزی زۆری کۆکردووەتەوە بەرگریی توند دەکەن؛ ئەگەر پێگەی سەربازیی ئۆکراینا بەهێز نەبێت ئەوا لەبری دیپلۆماسی تەنیا مەرجی خۆبەدەستەوەدان دەسەپێندرێت، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی قارەمانێتیی سەربازانمانەوە دەرفەت بۆ دیپلۆماسی رەخساوە. هاتنی زستان ئاڵنگارییەکی گەورەیە و ئێمە بە بەردەوامی لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی لە پێناو دابینکردنی پێداویستیی سەربازەکانمان، کاروباری مرۆیی و بەرهەمهێنانی چەکی بەرگریی ناوخۆیی."

زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لە بەهێزکردنی کەرتی بەرگریی ئاسمانی کرد و ڕایگەیاند: "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا سیستەمی دژە مووشەکی بالیستیکی ناوخۆیی ئۆکراینامان بەدەست دەگات و لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا بە زۆرترین خێرایی بەرەو بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە هەنگاو دەنێین.

ئاماژەشی دا، جگە لەمەش، لایەنی ئەمریکی بۆ ساڵی داهاتوو قەبارەی بەرهەمهێنانی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا زیاد دەکات و ئێمە بە تەواوی پشت بەم سیستەمە دەبەستین بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەمان؛ تەنانەت ئەگەر خوای گەورە یار بێت جەنگیش کۆتایی پێبێت ئێمە هەر پێویستمان بەم سیستەمانە دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشمان، بۆیە دڵنیام لەوەی ساڵی داهاتوو تواناکانمان لەم کایەیەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئامادەییی ڤلادیمیر پووتین بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەکی هاوبەش لەگەڵ ترەمپ و زێلێنسکی لەمساڵدا، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێین بۆ ئەم ململانێیە نەک چارەسەرێکی سەربازی و توندوتیژ؛ ئەمەش هەمیشە ئەو ئامانجەیە کە سەرۆک ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات."

ستیڤ ویتکۆف باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی کرد و گوتی: "بە شێوەیەکی کەسی نزیکەی هەشت سەردانم بۆ مۆسکۆ ئەنجام داوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین و تیمەکەی، هاوکات لەگەڵ جارید کوشنەریش لانیکەم سێ سەردانی هاوبەشمان بۆ ئەوێ کردووە، و لە سەرجەم دیدارەکانماندا هەمیشە بە ڕێزێکی زۆرەوە لەلایەن سەرۆکی ڕووسیاوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە مامەڵەمان لەگەڵدا کراوە.

ئاماژەشی دا، بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکی ئاڵۆزی لەم شێوەیە، بوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە؛ ئەگەر پەیوەندیت لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕەکەدا نەبێت و پەیوەندییەکان لاواز بن، ئەوا دەرفەتێکی زۆر کەم دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە."

ویتکۆف، سەرنجی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی 48 کاتژمێری ڕابردوو و ڕایگەیادن، "ئێمە سەرەتا سەردانی پووتینمان کرد چونکە پێویست بوو بزانین هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئەو لە کوێدایە؛ گفتوگۆیەکی زۆر باش و کۆنکرێتیمان لەگەڵدا ئەنجام دا و لە گەیشتنمان بۆ کیێڤ زێلێنسکی و تیمەکەیمان لە تەواوی زانیارییەکان ئاگادار کردەوە.

باسی لەوەش کرد، پێویستە هەردوو لایەنی جەنگەکە بگەنە چارەسەر، و ئەرکی من و جارید پێکەوە ئەوەیە کە لایەنەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، ناکۆکییەکانی نێوانیان کەم بکەینەوە و کەناڵی پەیوەندیی دروست دابمەزرێنین؛ لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا ئەم پرۆسەیەمان بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە دەستپێکردووە و متمانەمان هەیە کە دەگەینە چارەسەرێکی باش."

هاوکات جارید کوشنەر دیدگای واشنتنی بۆ دانوستانەکان خستەڕوو و گوتی: "لە جیهاندا شتێک نییە بە ناوی دوژمنی هەمیشەیی یاخود هاوپەیمانی هەمیشەیی، وەک چۆن لە رابردوودا ئەڵمانیا دوژمنی ئەمریکا بوو بەڵام دواتر بووە هاوبەشمان. پێویستە دەستپێکی گفتوگۆکان لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە چ ئەنجامێک دەبێتە باشترین بژاردە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکدا.

باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە جیهانی بازرگانییەوە هاتووە و لەو کایەیەدا بیرکردنەوە لەسەر بنەمای هاوکێشەی 'هەردوولا براوە' بەڕێوەدەچێت؛ واتە چۆن بتوانیت دەرفەتێک بۆ هەردوو بەرەی شەڕەکە دروست بکەیت تاوەکو بڕیارێک بدەن کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیاندا بێت."

کوشنەر لە بەشێکی دیکەی لە گوتەکانیدا باسی لە بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا بە پێداگرییەکی زۆرەوە کار دەکات بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسییەکان تاوەکو پرۆسەی دانوستانەکان بگاتە رێککەوتنێکی ئاشتییانەی پایەدار.

جارید کۆشنەر گوتیشی: "ترەمپ خاوەنی مێژوویەکی سەلمێنراوە لە ئەنجامدانی ئەو شتانەی کە بە مەحاڵ دەبینران؛ لە کاتێکدا ئیدارەی پێشووی ئەمریکا تەنیا یەک سەردانی لە ڕێگەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دابوو، لە کاتێکدا لێرە جەنگ هەیە و سەربازانی هەردوولا لە بەرەکانی جەنگدا دەیانەوێت بگەڕێنەوە باوەشی خێزانەکانیان و خەڵکی شارەکان بەهۆی بۆردوومانەوە ژیانیان پەکیکەوتووە و دەیانەوێت کۆتایی بەم بارودۆخە بهێنرێت.

ڕاشیگەیاند، ئێمە هەنگاو بە هەنگاو کار دەکەین تا بەرەوپێشچوون بەدیبهێنین؛ لە دیدگای پووتینەوە هەندێک ئامانج هەن کە دەیەوێت بەدەستیانبهێنێت، بەڵام بێگومان خواست و بەرژەوەندی بۆ وڵاتەکەی هەیە کە دەتوانرێت لە کاتی کۆتاییهاتنی ئەم جەنگدا دەستەبەر بکرێن، بۆیە لە دیالۆگی ئەرێنیمان بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک تا هەمووان بگەینە ئاشتی."