ئەکسیۆس: کۆبوونەوەی نێردراوەکانی ئەمریکا لەگەڵ پووتین ئەرێنی بووە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا هەڵسەنگاندنی ئەرێنییان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە کردووە، کە شەممەی رابردوو لەنێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و هەردوو نێردراوی دۆناڵد ترەمپ، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف بەڕێوەچوو. ئەو کۆبوونەوەیە 3 کاتژمێری خایاند.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی رووسی لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی ئەکسیۆس راگەیاندووە، "کوشنەر و ویتکۆف هەوڵ دەدەن و ئێمەش پێشکەوتن بەدەستدەهێنین."ئەمەش خاڵی ئەرێنی ئەو کۆبوونەوەیەیە کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچووە. 

هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئەکسیۆس راگەیاند، ویتکۆف، کوشنەر و پووتین تاوتوێی ئەو هەنگاوانەیان کردووە، کە بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا رابگەیەندرێن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکان روونیکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ لە وەرزی زستاندا تاوتوێکردووە.

هەمان سەرچاوە ئاشکرایکرد، کوشنەر و ویتکۆف جەختیان لەسەر ویستی خۆیان بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتنێکی بەرچاو بەر لە هاتنی وەرزی زستان کردووەتەوە.

ویتکۆف و کوشنەر دووجار لەگەڵ زێلێنسکی و راوێژکارە باڵاکانی کۆبوونەتەوە، لەکاتێکدا راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاش بەشدارییان لە کۆبوونەوەی سێیەمدا کردووە.

دوای کۆبوونەوەی دووەمیان لەگەڵ زێلێنسکی، نێردراوەکانی ترەمپ رایانگەیاند، گەشبینن بەو گفتوگۆ جەوهەرییانەی کردوویانە و چاوەڕوانی بەدەستهێنانی پێشکەوتنی زیاترن.