پێنتاگۆن لێکۆڵینەوە لە بۆردومانکردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە باشووری ئێران دەکات

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی دەستپێکردووە سەبارەت بەو رووداوەی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە باشووری ئێران روویداوە، کە گومان دەکرێت بەهۆی بۆمبێکی ئەمریکییەوە بووبێت.

یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتەکان، هێزەکانی ئەمریکا کۆمەڵگەیەکی پەیوەندییەکانیان کردووەتە ئامانج کە لە ناوچەیەکی مەدەنی نیشتەجێبوونە و پێدەچێت هێزەکانی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەکاریان هێنابێت، لە کاتی هێرشەکەدا، فڕۆکە جەنگییەکان 6 بۆمبیان ئاراستەی شوێنەکە کردووە و 5 بۆمبیان بە وردی ئامانجەکەیان پێکاوە، بەڵام بۆمبێکیان لە رێڕەوی خۆی لایداوە.

پێنتاگۆن جەخت دەکاتەوە، ئەم هێرشە سەرەڕای هەبوونی رێکارە وردەکانی دەستنیشانکردنی ئامانج و رێگری لە زیانی مەدەنی ئەنجامدراوە، هاوکات سوپای ئەمریکا دووپاتی دەکاتەوە ئەوان بە هیچ شێوەیەک مەدەنییەکان ناکەنە ئامانج، بە پێچەوانەی رەفتارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران.

هەروەها لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەگەری ئەوەش تاوتوێ دەکرێت کە تەقینەوەی ئەو ماڵە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی جەنگی ئاسمانی ئێرانییەوە بووبێت، هەرچەندە ئەو ئەگەرە زۆر بە دوور دەزانرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو چەکەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەکارهاتووە لە جۆری "بۆمبی گلایدەر"ی پێشکەوتووە (JSOW) کە کێشی سەرە جەنگییەکەی دەگاتە 500 پاوەند.

چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد بۆ سەر خاکەکەی و رایگەیاند: هێزەکانی ئەمریکا ناوچە سڤیلنشینەکان و هێڵەکانی گەیاندنیان لە چەندین ناوچە کردووەتە ئامانج. 

وەزارەتەکە دەڵێت: هێرشەکانی ئەمریکا پارێزگاکانی خووزستان، سیستان و بەلووچستان، هورمزگان و کرمانیان گرتووەتەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بۆردومانکردنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شارۆچکەی سیریک، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 70 هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی، "تاوانێکی جەنگیی دڕندەیە".

وەزارەتی دەرەوە، جەختی لەوە کردەوە کە تاران لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆی، ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکای کردووەتە ئامانج کە سەرچاوەی هێرشەکان بوون بۆ سەر خاکی ئێران.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد کە رێگە نەدەن خاکەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران بەکاربهێندرێت، هاوکات بێدەنگیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی واشنتن وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی پێناسە کرد.