ناتانیاهۆ: ئامانجمان رووخاندنی ئێرانە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە هەڕەشەکانی بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران دووپاتکردەوە و جەختیکردەوە، ئیسرائیل رژدە لەسەر بەردەوامبوونی هەوڵەکانی دژی تاران.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانی دانیشتنێکی حکوومەتەکەی بە بۆنەی سەری ساڵی عیبرییەوە رایگەیاند: "ئیسرائیل پێش هەموو شتێک ئامانجی رووخاندنی رژێمی ئێرانە." هەروەها هۆشداریدا، ئەگەر تاران بڕیاری هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بدات، گورزێکی بێ وێنە و خەیاڵنەکراوی بەردەکەوێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دۆخی ئێرانی بە لاواز وەسفکرد و روونیکردەوە، ئەو رژێمە بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگێت و لە دۆخێکی نالەباردایە، بە گوتەی ناتانیاهۆ، رژێمی ئێران لە کۆتاییهاتن نزیکبووەتەوە.
ناتانیاهۆ جەختیکردەوە، ئامانجێکی دیکە هەیە دەبێت تەواوبکرێت و ئیسرائیل سوورە لەسەر جێبەجێکردنی، کە مەبەستی رووخاندنی رژێمی ئێرانە.
ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی هەڵوێستە دووبارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێت سەبارەت بە داهاتووی رژێمی ئێران، پێنجشەممەی رابردوو، ناتانیاهۆ رایگەیاندبوو، رووخاندنی رژێم لە ئێران لە ئارادایە و پێیوایە ئەو رژێمە لە هەر کاتێکی دیکە لاوازتر بووە، ئەوەش لە سێبەری ئەو جەنگەی لە 28ـی شوبات لە نێوان تاران و واشنتن و تەلئەڤیڤدا هەڵگیرسا.