فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت

دوو وێنەی دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ
دوو وێنەی دووەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکانی ئاکرێ

 بە بەشداری سەدان جووتیار سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ دەستپێدەکات و ئامانج لێی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و راکێشانی گەشتیارانە.

فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ، بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا، سێیەمین فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندین جۆری بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی ناوچەکە نمایش دەکرێن.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ باسی لەوەش کرد، فێستیڤاڵەکە بە پاڵپشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و پارێزگاری دهۆک بەڕێوەدەچێت و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و رۆشنبیری ئاکرێ سەرپەرشتیی ئامادەکارییەکان دەکەن.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ ئاماژەی بەوەش دا، فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی سێ تاوەکوو پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت. روونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەم کارە خزمەتکردنی جووتیارانە بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان لە ناوخۆدا ساخ بکەنەوە،هاوکات دەبێتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار بۆ ناوچەکە.

وەک ئەوەی فازڵ مستەفا باسی کرد، "ئەمساڵ فێستیڤاڵەکە زۆر فراوانترە لە ساڵانی رابردوو و زیاتر لە 100 چادر بۆ جووتیاران دابین کراوە."

قەزای ئاکرێ دەکەوێتە پارێزگای دهۆک و یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان. ناوچەکە بە زەوییە بەپیتەکانی و سەرچاوەی ئاوی سازگار ناسراوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی زۆر گونجاو بۆ چاندنی جۆرەها بەرهەمی کشتوکاڵی.

ئاکرێ بەتایبەتی بە بەرهەمهێنانی برنجی کوردی، هەنجیر، تەحین، هەنار و سماق بەناوبانگە. ساڵانە هەزاران تۆن لەم بەرهەمانە دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی فرەچەشنکردنی ئابووری، گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی ئاکرێ دەدات و هەوڵ دەدات بەرهەمەکانی بنێرێتە دەرەوەی وڵات.

رێکخستنی فێستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەشێکە لە هەوڵەکانی بەبازاڕکردنی ئەو بەروبوومانە. لەم جۆرە بۆنانەدا جووتیاران و خاوەن کارگە ناوخۆییەکان دەتوانن راستەوخۆ بەرهەمەکانیان بە کڕیاران و گەشتیاران بفرۆشن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ئابووری ناوچەکە و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بەرانبەر بە هاوردەکراو.