پڕۆژەیاسای بودجەی 2027؛ پرسی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران یەکلایی دەکرێتەوە
شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێگیرکردنی داواکارییەکانی فەرمانبەران و بودجەی ساڵی 2027 لە بەغدایە و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی بەغدا کۆببنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، بەڵام بۆ ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک ئەنجام نادەن و بڕیارە لە سبەی سێشەممەوە زنجیرە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکات. کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ (سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە) لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی دارایی فیدراڵ بەردەوام دەبن. تەوەرە سەرەکییەکەیان گفتوگۆکردنە لەسەر داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، چونکە پێویستە تاوەکو 15ی ئەیلوول پڕۆژەیاساکە ئامادەکرابێت و رەوانەی حکوومەت بکرێت، حکوومەتیش تاوەکو 15ی 10 رەوانەی پەرلەمانی بکات. ئەگەر لەو وادەیەدا بودجە بنێردرێت، دەبێتە یەکەمجار کە حکوومەتی عێراق لە کاتی خۆیدا بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا 6 تا 8 مانگ دواکەوتووە.
تیمی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە، راوێژکاری وەزارەتی دارایی و چەند پسپۆڕێکی بواری داڕشتنەوەی بودجە، ئێستا خەریکی داڕشتنی رەشنووسی پڕۆژەیاساکەن. هەرێمی کوردستان لیستێکی داواکارییەکانی بە فەرمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە کە گرنگترینیان بریتین لە بە هەمیشەییکردنی نزیکەی 86 هەزار فەرمانبەری گرێبەست، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کە لە ساڵی 2015وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە، هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و مووچەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عێراق، هەروەها دامەزراندنی سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان 15 بۆ 16 هەزار دەرچووە، لەگەڵ پشکی دەرمان و خەرجکردنی ئیکرامییەی خانەنشینان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا دامەزراندنی گشتی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو جێگەی نەکراوەتەوە، بەڵکو تەنیا دوو بابەتی سەرەکی کاری لەسەر دەکرێت؛ یەکەمیان بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستە کە لە هەموو عێراقدا زیاتر لە 200 هەزار و لە هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 86 هەزار کەسن. فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق جەختی لە گرنگیی ئەم بابەتە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە هەوڵ دەدەن بیخەنە نێو پڕۆژەیاساکەوە و پشکی هەرێمی کوردستانیش بە رێژەی 12.67% تێیدا جێگیر دەکرێت. بابەتی دووەمیش پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە کە لە عێراقیش لە ساڵی رابردووەوە بەهۆی کێشەی دارایی راگیراوە و بڕیارە لە بودجەی نوێدا چارەسەر بکرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵانە، بڕیارە ئەمڕۆ دەرچووە دانەمەزراوەکان لەبەردەم وەزارەتی دارایی لە بەغدا خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام بدەن و خێوەت هەڵبدەن بۆ فشارخستنە سەر وەزارەت تاوەکو ناویان بخاتە نێو پڕۆژەیاسای ساڵی 2027. ئەم خۆپیشاندانانە لەم دوو هەفتەیەدا چڕتر دەبنەوە، بەڵام بەهۆی سنوورداریی بودجە، زەحمەتە دامەزراندنی گشتی هەبێت و ئەوەی کاری لەسەر دەکرێت تەنیا پرسی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە دەبێت کە پەیوەستە بەو بڕە پارەیەی لەبەردەستی وەزارەتی دارایی دەبێت.