سلێمانی.. فیلمی سینەمایی 'غەریبانە لەم خۆشبەختییە دەڕوانم' نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "غەریبانە لەم خۆشبەختییە دەڕوانم، لە دەرهێنانی سینا محەمەدە و باس لە چیرۆکی مرۆیی و دەروونی دەکات، لە سینەما سالمی سلێمانی نمایش دەکرێت.

دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، سینا محەمەد، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو فیلمە خۆم کاری دەرهێنانم بۆی کردووە و سیناریۆکەی لەلایەن من و تارا قادر نووسراوە و خەیبەر رەفیق و سینا زادە کاری بەڕێوەبردنی وێنەگرتنیان ئەنجام داوە و هەڵگورد محەمەد کاری مۆنتاژی فیلمەکەی کردووە. هەر یەکە لە پەروین رەجەبی، ساڵح بەهری، دیاری عومەر و عەبدولرەحمان محەمەد رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن."

گوتیشی، "چیرۆکی فیلمەکە لەسەر ژیانی هاوسەرگیریی دوو کەسایەتی بە ناوی دولبەر و مام لالۆ دامەزراوە؛ دوو کەس لە ناوچەیەکی گوندیی سەوز و دڵڕفێن دەژین، بەڵام ژیانیان لەژێر سایەی بارودۆخی جەنگ و نائارامی بەردەوامدایە و لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکان رۆژانە بەسەر ئاسمانی ماڵەکەیاندا دەفڕن و ئارامیی ژیانیان تێکدەدەن، رووداوێک روودەدات کە رەوتی ژیانی ئاسایی ئەو دوو کەسە دەگۆڕێت و دەیانخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمەکە تەنیا چیرۆکی ژیان لە ناو بارودۆخێکی جەنگ دا نییە، بەڵکو بە شێوەیەکی دەروونی دەچێتە ناو جیهانی هەست و سۆزی مرۆڤ و ئەو پێویستییە سادەیەی کە زۆرجار لە ژیاندا بە کەمترین شت دادەنرێت ئەویش گرنگیپێدان و خۆشەویستییە."

سینا محەمەد جەختی لەوەش کردەوە، "مرۆڤ دەتوانێت خاوەنی زۆر شت بێت و ژیانی لە رووی ماددییەوە هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت، بەڵام لە ناخەوە هەست بە کەمبوونێک بکات؛ چونکە ئەوەی پێویستییەتی، گرنگیپێدان و هەستی خۆشەویستییە، بە تایبەتی لەلایەن ئەو کەسەوە کە نزیکترین مرۆڤی ژیانیەتی."

دەربارەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و بەشداری لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان، سینا محەمەد دەڵێت، "ئەو فیلمە لە ساڵی 2023 بەرهەمهێنراوە و لە ماوەی بەشدارییەکانی لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا توانویەتی سەرنجی ژمارەیەک لە فێستیڤاڵەکان و دادوەران رابکێشێت و چەندین خەڵات بەدەست بهێنێت. لە گرنگترین دەستکەوتەکانی فیلمەکە، خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستەردام و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی پاریس بۆ هونەر و فیلمە. هەروەها پەروین رەجەبی، یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، توانیویەتی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن لە دەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەدەست بهێنێت. هەروەها ئەو فیلمە بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی پێنج کیشوەری کردووە و لە چەندین رووداوی سینەمایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا نمایش کراوە."

فیلمی سینەمایی "غەریبانە لەم خۆشبەختییە دەڕوانم، لە دەرهێنانی سینا محەمەدە و ژمارەیەک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی ئەیلوولی 2026، لە سینەما سالمی سلێمانی نمایش بکرێت.