مووچەی نوێی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت دیاری کرا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی بۆ دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەرکرد و بڕەکەی بە 500 هەزار دینار جێگیر کرد.
بەپێی رێنمایی ژمارە شەشی ساڵی 2026ـی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە، بڕیار درا کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دیناری عێراقی دیاری بکرێت.
وەزارەتی دارایی لە رێنماییەکەدا ئاماژەی بەوە دا، بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئەو کەسانەی شایستەی ئەو مووچەیەن چەند مەرجێکیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت. بۆ خانەنشینی بەپێی تەمەن و خزمەت، پێویستە پیاو تەمەنی 60 ساڵ و ژن تەمەنی 55 ساڵی تەواو کردبێت، هەروەها لانی کەم 20 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراویان هەبێت. یان پیاو 30 ساڵ و ژن 25 ساڵ خزمەتی دەستەبەرکراوی هەبێت بێ گوێدانە تەمەن.
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکەدا هاتووە، ئەو کرێکارەی بە رێژەی 100% تووشی نەخۆشی پیشەیی دەبێت بەپێی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی، یان بەهۆی پێکانی کارەوە تووشی پەککەوتەیی تەواو دەبێت یان گیان لەدەست دەدات، شایستەی ئەو مووچەیە دەبێت. هەروەها ئەگەر کرێکار لە ماوەی خزمەتدا گیان لەدەست بدات و ناوی لە تۆمارەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا هەبێت، میراتگرەکانی مووچەی خانەنشینی تەواو وەردەگرن.
لە کۆتایی رێنماییەکەدا باس لەوە کراوە، ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
پێشخستنی کەرتی تایبەت و مسۆگەرکردنی مافی کرێکاران، یەکێکە لە بەرنامە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە ساڵانی رابردوودا جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچەی خانەنشینی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا هەبوو، ئەمەش وای کردبوو گەنجان زیاتر روو لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی بکەن و کەرتی تایبەت پشتگوێ بخرێت.