قالیباف بۆ ئەمریکا: نەوت بەرامبەر نەوت

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پەیامێکی هۆشداری توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، هەر کاتێک ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران، وەڵامێکی توندمان دەبێت و بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە ناوچەکە دەکەینە ئامانج.

 دووشەممە 7ـی ئەیلوولی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس دەڵێت:” زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کە بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا کاردەکەن لە ناوچەکەدا زۆر بەرفراوانە و بە ئاسانی دەستیانپێدەگات، هەروەها جەختی کردەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا رووبەڕووی هەمان مەترسی دەبنەوە کە واشنتن لە بەرامبەر دامەزراوە نەوتییەکانی تاران ئەنجامی دەدات”.

قالیباف دەڵێت: "بابەتەکە زۆر سادەیە، زنجیرەی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی وڵاتەکەمان لێرە بەردەست و ئاشکرایە، کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئەمریکیش لە ناوچەکە هەمان مەترسییان لەسەرە، ئەگەر هێرش بکەنە سەر سەروەت و سامانی وڵاتەکەمان، ئەوا هێرشتان دەکەینەوە سەر."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی پێشتر توانای خۆی سەلماندووە و گوتی: "ئێمە پێشتر ئەمەمان سەلماندووە، تەنیا سەیری ئەو بنکە سەربازییانە بکەن کە چیتر توانای کارکردنیان نەماوە و لەکارکەوتوون."

ئەم قسانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "بای بای خارگ". ترەمپ لەگەڵ نووسینەکەیدا وێنەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا تەقینەوە لەسەر دوورگەکە و فڕۆکەیەک دەردەکەوێت کە هێرشی ئاسمانی دەکات.

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە، ئێران بەدەست هەڵاوسانی بەرزی ئابووری گرفتارە و دراوی ئەو وڵاتە لەناوچووە. هەروەها روونیکردەوە، هەناردەی نەوتی ئێران بە توندی پاشەکشەی کردووە، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو، بڕی نەوت لە گەرووی هورمز بۆ ئاستەکانی پێشووی گەڕاوەتەوە.

هێزەکانی ئەمریکا ماوە ماوە هێرش دەکەنە سەر دوورگەی خارگ، کە ناوەندی نزیکەی 90%ـی هەناردەی نەوتی ئێرانە. ئاژانسی فارسی ئێران شەممەی رابردوو، رایگەیاندبوو، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران لەو دوورگەیە رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکی ئەمریکا بووەتەوە.

دوورگەی خارگ دەکەوێتە دووری 26 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران و نزیکەی 483 کیلۆمەتر باکووری خۆرئاوای گەرووی هورمز. ئاوی دەوروبەری دوورگەکە بەو ئەندازەیە قووڵە رێگە بە لەنگەرگرتنی ئەو نەوتهەڵگرانە دەدات کە بەهۆی گەورەییانەوە رێگەیان پێنادرێت لە ئاوە تەنکەکانی کەناراوە سەرەکییەکان نزیک ببنەوە.