محەمەد کوردۆ دیوانی "نازەنینێک هاتووەتە بەردەمی خەیاڵەکانم"ی بڵاوکردەوە
محەمەد کوردۆ، شاعیر و نووسەری کورد، نوێترین دیوانی شیعری خۆی بە ناونیشانی "نازەنینێک هاتۆتە بەردەمی خەیاڵەکانم"، چاپ و بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو دیوانە بەرهەمی ئەزموونی نزیکەی 40 ساڵ نووسین و هەڵبژاردەیەکە لەو شیعرانەیە کە من لە ساڵی 1986ـەوە تا ئێستا نووسیومە."
سێشەممە، 8ی ئەیلوولی 2026، محەمەد کوردۆ، شاعیر و نووسەری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم دیوانەم لە 422 لاپەڕە پێکهاتووە و لە ناوەڕۆکەکەیدا شیعری کلاسیکی کوردی، قەسیدەی درێژ و شیعری بابەتە جۆراوجۆرەکان هەیە. بەرهەمەکانی ناو دیوانەکە تەنیا بە یەک بابەت یان یەک شێوازی دەربڕینەوە سنووردار نەکراون، بەڵکوو هەر بەشێک لە دیوانەکە بەشێک لە ئەزموونی ئەدەبی و هەستی منە لە ماوەی ژیانی نووسینم دا."
گوتیشی، "ئەم کتێبە 18یەمین کتێبی منە کە چاپ و بڵاومکردۆتەوە و لە رووی قەبارە و ناوەڕۆکەوە یەکێکە لە بەرهەمە دیارەکانی ئەزموونی ئەدەبیی منە. هەروەها ئەم دیوانە بەرهەمی ئەزموونی نزیکەی 40 ساڵ نووسینمە و لە نێوان شیعرەکانی خۆم، ئەو بەرهەمانەم هەڵبژاردووە کە زیاتر بە دڵم بوون و هەستم کردووە شایانی ئەوەن لە یەک دیواندا کۆبکرێنەوە."
ئەو شاعیرە باس لە گرنگیی نووسینی ئەو دیوانە دەکات و دەڵێت، "ئەم دیوانە لە ساڵی 1986ەوە تا ئێستا ئەو شیعرانەی تێدایە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نووسیومە و لەگەڵ گۆڕانی تەمەن و ئەزموونی ژیانم، هەستی و دیدی من بەرەوپێش چووە."
محەمەد کوردۆ جەختی لەوەش کردەوە، "لە ناو ئەم ئەزموونە درێژەدا، شیعر بۆ من تەنیا شێوازێک بۆ دەربڕینی هەست و سۆز نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ قسەکردن لەگەڵ ژیان و مرۆڤ و جوانییەکانی دەوروبەر. من لە شیعرەکانم دا هەوڵ دەدەم مرۆڤ بەرەو ژیاندۆستی و خۆشەویستی رابکێشم و پەیامی ئومێد و جوانی بە خوێنەر بگەیەنم."
ئەوەشی گوت، "هەر مرۆڤێک بە پێی تواناکانی خۆی و ئەو ئامراز و کەرەستانەی لەژێر دەستی دایە، دەتوانێت بەشێک بێت لە پرۆسەی جوانکردنی ژیان. هونەر و ئەدەب تەنیا بۆ خۆشی و چێژی تاک نییە، بەڵکو دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی ژیانێکی جوانتر و پڕ لە خۆشەویستی هەبێت."
دەربارەی پەیامی سەرەکیی دیوانەکە، محەمەد کوردۆ دەڵێت، "پەیامی سەرەکیی شیعرەکانم، ژیاندۆستی و جوانی پەرستی و خۆشەویستی و باوەشکردنی گەرمە بە ژیاندا؛ واتە پەیامی شیعرەکانم لە دەوری ئەوە دەسوڕێتەوە کە چۆن زۆرترین چێژ بە ژیان ببەخشین و بەشدار بین لە جوانکردنی ژیاندا؛ ئیتر هەر کەسە و بەو ئامراز و کەرەستانەی لەژێر دەستی دایە و بەو توانا و بەهرەیەی کە هەیەتی لە بوارەکەی خۆیدا."
محەمەد کوردۆ ئاماژەی بەوەش دا، "بوونی شیعری کلاسیکی کوردی و قەسیدەی درێژ لە ناو دیوانەکەم دا، ڕەهەندێکی تایبەتی بە بەرهەمەکەم بەخشیوە. من لەگەڵ ئەوەی بابەتەکانم جۆراوجۆرن، بەردەوامیی خۆم لە بەکارهێنانی شێوازە شیعرییە جیاوازەکاندا پاراستووە و هەوڵم داوە ئەزموونی ساڵانەی خۆم لە چوارچێوەی دیوانێکی گەورەدا کۆبکەمەوە."
محەمەد کوردۆ، شاعیر و نووسەر، دەستپێکی نووسینی بۆ ساڵی 1984 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1988ەوە شیعرەکانی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراونەتەوە. یەکەمین نامیلکەی شیعریی خۆی لە ساڵی 1991 بڵاوکردووەتەوە و لەو کاتەوە بەردەوام بووە لە نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی.