لە کۆی 301 ملیار دینار هێشتا 83 ملیاری شایستەی جووتیاران لە بەغدا ماوە
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق بە بیانووی نەبوونی نەختینە (سیولە)، 83 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە، هاوکات ئاشکراشی دەکات کە هەوڵەکانیان بۆ ناردنی تەواوی پارەکە بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند "لە کۆی 301 ملیار دیناری شایستەی دارایی جووتیاران، تاوەکو ئێستا 83 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ماوە و بە بیانووی نەبوونی سیولە دابەشی نەکردووە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا حەوت قۆناخی دابەشکردنی چەکی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەغدا تەواوی ئەو بڕە پارەیەی ماوە رەوانەی بکات، جەختیشی کردەوە کە ئەم گرفتە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری جووتیارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش تاوەکو ئێستا پارەی گەنمی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە.
سەبارەت بە بڕی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ و نرخەکەی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی روونی کردەوە، حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بە جۆرێک 292 هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی بووە و هەر تۆنێکی بە 700 هەزار دینار هەژمار کراوە، هەروەها 108 هەزار تۆنەکەی دیکەش لە دەرەوەی پلان بووە و بە نرخی 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگیراوە.
دەربارەی چارەنووسی ئەو گەنمەی لە سایلۆکاندا کۆگاکراوە و دەکرێتە بەشەخۆراکی ئارد، نەوزاد شێخ کامیل گوتی "ئەو گەنمەی لە سایلۆکاندا دەمێنێتەوە، حکوومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئاشەکاندا هەیە و بەپێی پێویستیی پارێزگا و ناوچەکان دەدرێتە ئاشەکان، دوای هاڕینی، لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە وەک ئاردی ماڵان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت."