ئامادەکارییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن

زانکۆی سەڵاحەدین ساڵنامەی نوێی خوێندنی بڵاوکردەوە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکەش رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن تەواو کراون و لە 13ـی ئەم مانگەدا قوتابییان دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند "رۆژی 1ـی ئەیلوول دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان بوو، کە تێیدا دوو هەزار و 600 مامۆستا لە 17کۆلێژ و 89 بەشی ئەکادیمیی زانکۆی سەڵاحەدین دەستبەکاربوونەوەیان ئەنجام دا".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە سەبارەت بە قۆناخەکانی دیکەی دەستپێکی خوێندن ئاماژەی بەوە کرد،

 لە رێککەوتی 6ـ تا 12ـی ئەیلوول، پرۆسەی تۆمارکردنی قوتابییان بۆ مۆدیۆلەکانی خوێندن بەڕێوەدەچێت و هەروەها لە1ـی ئەیلوولەوە پرۆسەی دابەشکردنی بەشەناوخۆییەکان دەستیپێکردووە، بەشەناوخۆیی 18ـی شوبات بۆ کچان و شەهیدشەوکەتی کوڕان دیاریکراون، دابەشکردنەکە لەلایەن ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامبوو و ئێستاش قوتابییان سەرقاڵی مامەڵە و گەڕانەوەن بۆ بەشەناوخۆییەکان.

باسی لەوەش کرد، 13ـی ئەیلوول، یەکشەممە خوێندنی سیمستەری پایز لە سەرجەم کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەستپێدەکات و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن، بەوپێیەی لە یەکەم رۆژەوە وانەکان دەخوێندرێن.
سەبارەت بە پشووە فەرمییەکانیش لە درێژەی ساڵی خوێندندا، سامان عەبدوڵڵا روونی کردەوە کە زانکۆی سەلاحەدین تەنیا پشت بەو پشووانە دەبەستێت کە بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە رادەگەیەندرێن.