وادەی نوێی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دیاریکرا
وادەی نوێی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار دیاری کرا و بڕيارە ئەمجارە گوتەی لاهور شێخ جەنگیش وەربگیرێت.
دانا تەقیەددین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی دەستگیرکراوی هاوپەیمانیی "بەرەی گەل" بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، دادوەری دادگای تاوانی دووی سلێمانی کاتی دانیشتنی داهاتووی بۆ دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار دیاری کرد.
دانا تەقیەدین ئاماژەی بەوە دا، دادوەر رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 17ـی ئەیلوول، بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە گیراوانی لالەزار دیاری کردووە.
باسی لەوەش کرد، لەو دانیشتنەدا گوتە لە هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامید حاجی غالی وەردەگیرێت.
ئەمە سێیەم جارە دادگاییکردنی گیراوانی لالەزار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دوادەخرێت. پێشتر تەنیا گوتە لە شەش لە تۆمەتبار وەرگیراوە و تا ئێستا لاهور شێخ جەنگی و پولادی برای قسەیان بۆ دادوەر نەکردووە.
لاهوور شێخ جەنگی بەپێی هەردوو ماددەی 406 و 56 تۆمەتبار کراوە، بەڵام لەم دانیشتنەدا تەنیا لەسەر ماددەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێت. ئەو ماددەیەش تایبەتە بە رێککەوتنی گرووپێک بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک پێکەوە. پارێزەرەکانیشی دەیان بەڵگەنامەیان ئامادە کردووە بۆ بەرگریکردن لێی تاوەکوو بڕیاری نوێی بەسەردا نەسەپێندرێت.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، تاوەکوو ئێستاش سێ پرۆسەی دادگاییکردنی بۆ کراوە.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توند لەنێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر پێکدادانەکاندا، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیر کران. لە ئەنجامی ئەو رووداوەشدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.
پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، دۆسیەکە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش بەردەوامە. کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە ئامادەنەبوونی سکاڵاکارانە لە دانیشتنەکانی دادگا. بەپێی زانیارییەکان دۆسیەی ئەم رووداوانە لە 800 لاپەڕە پێکهاتووە.