عومرەکارێکی کورد لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد
گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو 14ـی ئەیلوولی 2026، عومرەکارێکی کورد بە ناوی محەمەد حەسەن، کە خەڵکی کەلارە، لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ، سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، عومرەکارەکە تەمەنی سەرووی 65 ساڵ بووە و دوای بەجێهێنانی سونەتی عومرە، لە رێگەی نێوان مەدینە بۆ عەرعەر گیانی لەدەست داوە.
سەبارەت بە رێکارەکان، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە رێگەی نووسینگەی گەرمیانەوە بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکارییەکان. بەپێی داواکاریی کەسوکارەکەی کە لەو گەشتەدا یاوەری بوون، بڕیارە تەرمی عومرەکارەکە لە سعوودیەوە بگوازرێتەوە بۆ کەلار و لەوێ بە خاکی بسپێردرێت.
خالد حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی گەرمیان بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە پێشوازی لە تەرمەکە دەکات. بەمەش محەمەد حەسەن دەبێتە دووەم عومرەکاری کورد کە لە وەرزی عومرەی ئەمساڵدا لە سعوودیە کۆچی دوایی دەکات.
کاروان ستوونی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافەوە سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو عومرەکارە دەکەین، داواکارین لە خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بە بنەماڵەکەی ببەخشێت".