نووسراوی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان رەوانەی وەزارەتی دارایی کرا
نووسراوی تایبەت بە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بۆشاییە ئیدارییەکانی پەیوەست بە خانەنشینیی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پڕکرانەوە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "هەوڵ و پێشنیازی جددی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانە دراوە کە ساڵی رابردوو خانەنشین بوون، ئەمە بە ئامانجی نەهێشتنی کێشەی میلاک لە ساڵی نوێی خوێندندا".
گەرمیانی روونیکردەوە، هەرچەندە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین پڕکراوەتەوە، بەڵام پرۆسەکە وەک پێویست نییە و تا ئێستا کێشەی نەبوونی پسپۆڕی تایبەت بۆ هەندێک وانە لە ناوەندەکانی خوێندندا بەردەوامە، ئەحمەد گەرمیانی جەختیکردەوە، لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەی نوێ و خانەنشینبوونی هەزاران مامۆستا لە هەر ساڵێکدا، پێویستە بۆشاییەکان بەشێوەیەکی رێکوپێک پڕبکرێنەوە تا کێشەی کەمی مامۆستا لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن چارەسەر دەبێت.
لەبارەی رێکارە کارگێڕییەکانەوە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاشکرایکرد، نووسراوی پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینیی مامۆستایان سەرەتا ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە و دواتر رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەکانی پلەبەرزکردنەوە، خانەنشینی و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا پەیوەستکراون بە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە و پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە جێبەجێ بکرێن.
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتیشی "ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دابین بکرێت و دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتانە بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە کێشەکان چارەسەر دەبن و سەرجەم مامۆستایان سوودمەند دەبن".
بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 200 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و زیاتر لە 39 هەزار مامۆستاش بە شێوەی گرێبەست لە ناوەندەکانی خوێندندا دەوام دەکەن.