لە هەولێر هەڵمەتی سڕینەوەی ریکلام و بۆیەکردنەوەی دیواری قوتابخانەکان دەستیپێکرد

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی بۆ خاوێنکردنەوە، بۆیەکردنەوە و نەخشاندنی دیواری قوتابخانەکان بە دروشمی پەروەردەیی دەستپێکردووە؛ هاوکات هۆشداریش دەدرێتە ئەو کەس و لایەنانەی بە ڕیکلام و نووسینی نەشیاو سیمای ناوەندەکانی خوێندن دەشێوێنن.

ئەمرۆ هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، چاپووک عەبدولعەزیز، سەرۆکی شارەوانیی شەش لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "هەڵمەتی بۆیەکردنەوە و سڕینەوەی پیسبوونی بینایی لەسەر دیواری قوتابخانەکان لە سەرتاسەری سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستیپێکردووە؛ بەتایبەت ئەو قوتابخانانەی کە بەهۆی ریکلامی بازرگانیی بێمۆڵەت یان نووسینی نەشیاوەوە دیوارەکانیان شێوێندراون و سیمایەکی ناشرینیان وەرگرتووە".

سەرۆکی شارەوانیی شەش ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکە لە سنووری ئەوانەوە دەستیپێکردووە و لە قۆناغەکانی داهاتوودا سەرجەم شارەوانییەکانی دیکەی پایتەخت دەگرێتەوە، گوتیشی "بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی و بە دابینکردنی تەواوی کەرەستە و پێداویستییەکان لەلایەن شارەوانییەوە، دیوارە شێوێنراوەکان بۆیە دەکرێنەوە و بە چەندین دروشمی هۆشیاری، پەروەردەیی و پەیامی پاراستنی ژینگە دەنەخشێندرێن، تاوەکو ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆ قوتابیان بڕەخسێنرێت".

سەبارەت بە رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە و پاراستنی ماڵی گشتی، چاپووک عەبدولعەزیز هۆشداری دا و رایگەیاند "لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لەسەر هێڵین و ئاگادارمان کردوونەتەوە لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە دەوروبەری قوتابخانەکان بپشکنن، هەر کەسێک یان کۆمپانیایەک ببینرێت دیواری قوتابخانەکان بە ریکلام یان نووسین پیس دەکات، دەستبەجێ زانیاری و بەڵگەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ ئەوەی رێکاری توندی یاسایی لە بەرامبەریاندا بگیرێتەبەر".

سەرۆکی شارەوانیی شەش جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانی کارکردن بە چڕی و بە شێوازێکی خێرا لە کارەکانیان بەردەوامن، بە ئامانجی ئەوەی پێش دەستپێکردنەوەی فەرمیی دەوامی وەرزی نوێ، سەرجەم کارەکان تەواو بکرێن و قوتابخانەکان بە سیمایەکی جوان، رازاوە و شایستە پێشوازی لە مامۆستایان و قوتابیان بکەن.