کتێبی "لە گرووپی کفرییەوە بۆ شۆڕشی نوێگەری" بڵاوکرایەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، کتێبی "لە گرووپی کفرییەوە بۆ شۆڕشی نوێگەری"ی نووسەر و مامۆستای زانکۆ دکتۆر کەمال سەعدی، کە تەرخان کراوە بۆ خوێندنەوە و شیكاریی ئەزموونی شاعیری ناسراوی کورد  لەتیف هەڵمەت، چاپ و بڵاوکردەوە.

شەممە، 19ی ئەیلوولی 2026، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناوەڕۆکی کتێبەکە لەسەر گفتوگۆ و دیداری دکتۆر کەمال سەعدی لەگەڵ شاعیر لەتیف هەڵمەت پێکهاتووە، دواتر ئەو گفتوگۆیە کراوەتە بنەمایەک بۆ خوێندنەوە و شیكاریی ئەزموونی شاعیر و لێکدانەوەی بۆچوون و بیرکردنەوەکانی لە بواری شیعردا."

سیروان عوسمان سەبارەت بە بەشەکانی کتێبەکە گوتی، "کتێبەکە بە دوو بەش پێکهاتووە؛ بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ گفتوگۆ و پرسیارەکانی دانەری کتێب و وەڵامەکانی لەتیف هەڵمەت سەبارەت بە بۆچوونە تایبەتییەکانی خۆی و ئەزموونی شیعرییەکەی. لەو بەشەدا، بابەتگەلی جۆراوجۆر وەک نوێگەری، گرووپی کفری، زمان، فۆڕم و قوتابخانەی شیعری، هەروەها کاریگەری و پەیوەندییەکانی شیعر بە کۆمەڵگە و هەڵوێست و سیاسەتەوە باسکراون و شاعیر لە وەڵامەکانی خۆیدا روانگە و بۆچوونەکانی خۆی لەسەر ئەم بابەتانە دەخاتەڕوو."

سەبارەت بە بەشی دووەمی کتێبەکە، سیروان عوسمان گوتی "بریتییە لە شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی رەخنەیی ئەکادیمی لەلایەن دکتۆر کەمال سەعدی بۆ ناوەڕۆکی وەڵامەکانی شاعیر، لەگەڵ شیكاریی بنەما فکری و هونەرییەکانی ئەزموونی لەتیف هەڵمەت لە بواری شیعردا. دکتۆر کەمال سەعدی لەم بەشەدا هەوڵی داوە ئەزموونی شیعریی لەتیف هەڵمەت لە روانگەیەکی ئەکادیمی و لەسەر بنەمای بەهاکانی رەخنەی زانستی بخوێنێتەوە و شرۆڤەی بکات."

سیروان عوسمان جەختی لەوەش کردەوە، "ئەم رەخنە و شیکارییە تەنیا بە واتای باوی رەخنە وەک چەمکێکی هەڵسەنگاندن باس نەکراوە، بەڵکو وەک رێزگرتنێک بۆ ئەزموونی ئەو شاعیرە داهێنەرە و هەوڵێک بۆ ناساندنی زیاتری ئەزموونی ئەدەبی و هونەرییەکەی خراوەتەڕوو و لە شیکارییەکەدا، ئەو شوێنانەی بە بەڵگە و لۆژیک پشتیوانی لە بۆچوونەکانی شاعیر دەکەن، دیاریکراون، لە هەمان کاتدا ئەو شوێنانەش کە پێویستیان بە وردبوونەوە و پێداچوونەوە هەبووە، خراونەتە ژێر پرسیار و شرۆڤەکار لەسەریان وەستاوە و خوێندنەوەی بۆ کراوە."

دەربارەی ئەزموونی لەتیف هەڵمەت لە مێژووی نوێی شیعری کوردی، سیروان عوسمان دەڵێت، "کتێبەکە تەنیا گفتوگۆیەک لەگەڵ شاعیر نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تۆمارکردن و خوێندنەوەی ئەزموونی شاعیرێک کە بەشێکی گرنگیی لە مێژووی نوێی شیعری کوردی پێکدەهێنێت، هەروەها دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سوودبەخش بۆ قوتابیان و توێژەران و خوێنەرانی بواری ئەدەب و شیعری کوردی."

 بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر باسی لەوەش کرد، "بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە چوارچێوەی زنجیرە کتێبە چاپکراوەکانی و بۆ خزمەتی زیاتر بە ئەدەب و رۆشنبیری و هونەر، بە باشی زانیوە ئەم کتێبەش بخاتە سەر خەرمانەی کتێبە چاپکراوەکانی دی. هەروەها چاپکردنی کتێبەکە بەتایبەتی لەم کاتەدا گرنگە، چونکە لەتیف هەڵمەت، شاعیری ناسراو، لەم رۆژانەی پێشوودا ئازیزترین کەسی خۆی، هاوژینەکەی، لەدەست داوە."

سیروان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کۆچە کاریگەرییەکی قووڵی رۆحی و دەروونی لەسەر شاعیر داناوە و ئەوەش لە رێگەی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕوونی دیار بووە. هیوا دەخوازین  چاپکردنی ئەم کتێبە لەم ماوەیەدا بتوانێت سوکنایی و ئارامییەک بە رۆحی لەتیف هەڵمەت ببەخشێت، لەگەڵ ئەوەی کتێبەکە خزمەتێکی ئەدەبی و رۆشنبیرییە بۆ ناساندن و خوێندنەوەی زیاتری ئەزموونی ئەو شاعیرە."

لەتیف ھەڵمەت، شاعیری ناسراوی کورد، لە ساڵی 1947 لە ناوچەی گەرمیان لە کفری لەدایکبووە. لەتیف ھەڵمەت لە ساڵی 1979 دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا و یەکەم بەرھەمی "جوانترین دێ" بووە کە بڵاوی کردووەتەوە. ناوبراو  زیاتر لە 20 دیوانە شیعری هەیە و تا ئێستا 17 بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە و ساڵی 2006 بەرھەمەکانی کۆکراوەتەوە کە دەکاتە 500 لاپەڕە. ھەروەھا خەڵاتی "ئاپیک"ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە و چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە.