یەکێتی زانایان لە 56 ساڵەی دامەزراندنیدا جەخت لە یەکڕیزی دەکاتەوە
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا، لە بەیاننامەیەکدا جەخت لە بەردەوامبوونیان لەسەر پەیامی میانڕەوی و پاراستنی بەها نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم زانایانی ئایینی و گەلی کورد بەگشتی دەکات. یەکێتییەکە لە 21ـی ئەیلوولی 1970 لەسەر راسپاردە و سەرپەرشتیی راستەوخۆی مستەفا بارزانی لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی دامەزراوە و لەو کاتەوە بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی زانایان و پاراستنی بەهاکانی دینداری بەردەوامە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا روونیکردەوە، کاری لەپێشینەیان درێژەدانە بە رێڕەوی زانایانی کورد لە رێگەی تێگەیشتنی زانستی و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکان. هاوکات یەکێتییەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەها ئایینی، ئەخلاقی و خێزانییەکان بپارێزێت و پەیامی ئیسلامپەروەری، نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی بڵاوبکاتەوە، لە بەرامبەریشدا کار بۆ نەهێشتنی توندڕەوی و هزری نامۆ دەکات.
مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنیدا جەخت لە گرنگیی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی کوردستان لە رووی عەقیدە و مەزهەب و یەکڕیزیی نێوان موسڵمانانی کوردستان دەکاتەوە. یەکێتییەکە روونیکردەوە، مەبەستیانە لە قۆناغی چاکبوونەوە بەرەو قۆناغی چاککردن هەنگاو بنێن، تا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی کۆمەڵگە بکەن و مەترسییەکانی سەر کوردستان کەم بکەنەوە.
لە بەیاننامەکەدا، داوا لە سەرجەم لایەنەکان کراوە تەبایی و یەکهەڵوێستیی نیشتمانی بپارێزن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەکەنە قوربانیی ململانێی سیاسی و حزبی. یەکێتی زانایان جەخت لەوە دەکاتەوە ئایین و نیشتمان لێک جیا ناکرێنەوە و پاراستنی پێگەی مزگەوت و زانایان بە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ ئایندەی کوردستان دەزانن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان رۆڵی زانایانی ئایینی لە بوارەکانی ئایینی و پیشەییدا بەرز دەنرخێنێت و سوپاسی ماندووبوونیان دەکات.