نێچیرڤان بارزانی: لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد.
گوتیشی: بەردەوامی ئەم هەوڵانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکرد، گوتیشی ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی جەنابی سەرۆکدا ئەفسانەی داعشی تێکشکاند.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2014 بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، هێزەکانی پێشمەرگە چوونە کۆبانێ تا بەرگری لێ بکەن و لاپەڕەیەکی پرشنگداریان لە مێژووی بەرگرییکردن لە گەلی کوردستان تۆمار کرد. بۆیە ئەم بۆنەیە ئەو پرسەیە، کە گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی دەکرد و هەموولایەکمان چەندین ساڵە لەو پێناوەدا کار دەکەین.
راشیگەیاند، ئەم پرۆسەیە تەنیا گۆڕانکاریی نییە لە پەیکەر و رێکخستندا یان تەنیا گواستنەوەی یەکەکان لە پێکهاتەیەکەوە بۆ پێکهاتەیەکی تر نییە، بەڵکو هەنگاوێکی نیشتمانی گەورەیە لە کاروانی بونیادنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا دەشڵێت، ساڵانی رابردوو گوتومانە کوردستان پێویستی بەیەک هێز، یەک وەزارەت، یەک فەرماندە هەیە، دەبێت پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی دوور لەدەستوەردانی ناکۆکی و حزبی بێت. ئەمڕۆش هەنگاوێکی دیکەی گەورە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەنێین.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، کاتێک مەترسی لەسەر کوردستان دروست بوو، چیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و پێشمەرگەیەکی دیکە و ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکە نەبوو، لەسخترین کاتەکاندا پێشمەرگە لەسەنگەرەکاندا وەستان و پێکەوە قوربانیاندا و خوێنیان لە پێناو پاراستنی یەک خاک، یەک گەل تێکەڵاو بوو.
گوتیشی: پێشمەرگە خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدارە، بۆیە ئەمڕۆ ئەو مێژووە و سەرجەم ئەم قوربانیدانانە لەناو یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا کۆدەکەینەوە، مێژوویەک کە چەندین نەوەی پێشمەرگە دروستیان کردووە، دەیکەینە هێزێکی یەکگرتوو بۆ پارێزگاریی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی ئەم پرۆسەیە نییە، بەڵکو دەستپێکێک و قۆناخێکی نوێیە و رەنگە سەختتریش بێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە پێویستە ئەم یەکڕیزییە لەهەموو شتێکدا رەنگ بداتەوە، لە فەرماندەیی و سەرکردایەتیدا، لە بڕیار و فەرماندا، لە مەشق و رێکخستندا، لە ماف و ئەرکدا، لە ماپلە بەرزکردنەوە و سەربازیی و دیسپلیندا.