سیروان بارزانی: دەبێت بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت

فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە "ڕۆژێکی پیرۆز" و بەدیهاتنی خەونی هەموو کوردێک دەزانێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە بیانوو لەبەردەم پڕچەککردنی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ناهێڵێت و پێویستە بەغداش ئاستەنگی دروست نەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە، لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 17:00ـی کوردستان24 رایگەیاند "یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و رۆژێکی پیرۆزە، چونکە ئەمە خەونی لەمێژینەی هەموو تاکێکی کورد بوو. بەم هەنگاوەش چیتر هیچ بیانوویەک بۆ هیچ کەس و لایەنێک نامێنێتەوە."

دەربارەی دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پڕچەککردنی زیاتری پێشمەرگە، سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد"یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەبێتە هۆی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ پڕچەککردنیان، هەروەها وادەکات هاوپەیمانانیش لە هاوکاری و مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ هێزەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە بنێن."

فەرماندەی میحوەری شەش رەخنەی لە هەڵوێستەکانی پێشووی بەغدا گرت و گوتی "حکوومەتی عێراق چەندین جار بووەتە رێگر لەبەردەم گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە، بۆیە ئێستا دەبێت ڕەزامەندی بدات لەسەر پڕچەککردنیان و پابەند بێت بەوەی لە دابینکردنی مووچە و چەکدا هاوکاریی تەواوی پێشمەرگە بکات."

سیروان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ئێستادا بوونەتە خاوەنی "یەک بڕیار" و یەک دەنگ.

ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە؛ رێوڕەسمی یەکخستنی تەواوەتیی هێزی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.

لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ کوردستان و بۆ پێشمەرگە. رۆژێکی زۆر تایبەتیشە بۆ خودی خۆم کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستبەکاربوونمان وەکوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵێنمان دا، بە هەموو توانای خۆمانەوە، کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەین".