سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق پیرۆزبایی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەبۆنەی راگەیاندنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پیرۆزبایی ئاڕاستەی فەرماندە و ئەفسەران و پێشمەرگەکان دەکات و جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 22ی ئەیلوولی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەبۆنەی راگەیاندنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، بەگەرمی پیرۆزبایی لە فەرماندە، ئەفسەر و سەرجەم ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و ئەم هەنگاوەی بە وێستگەیەکی دیار لە رێڕەوی یەکخستنی هەوڵە سەربازییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنیی عێراق وەسف کرد.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم راگەیاندنە لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی یەکگرتوودایە و دەبێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی، هاوکات چەسپاندنی بنەمای یەکێتیی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی لە پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکان.
لەم بۆنەیەدا، وەزارەتی بەرگریی عێراق جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە وەک بەشێکی رەسەن لە سیستەمی بەرگریی نیشتمانی، کە لە شەڕەکانی رزگارکردندا سەلماندیان وەکو یەک سەنگەر بەرگری لە خاک و گەلی عێراق دەکەن لە دژی تیرۆر.
سەرۆکی ئەرکانی سوپا پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان، لە سەرووشیان سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل و فەریق روکن عیسا عەزیز بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و گەشەپێدانی تواناکانیان، و هیوای خواست هەماهەنگیی زیاتر بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەدی بێت.