ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێر تاوەکو ساڵی 2050 راگەیێندرا

لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، پەسەندکردنی ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێر راگەیێندرا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، ماستەرپلانەکە ئاراستەی گەشەی پایتەخت تاوەکو ساڵی 2050 دیاری دەکات و فراوانبوونی شارەکە بەرەو زێی گەورە دەبێت.

چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026،  ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ماستەرپلانی شاری هەولێر رایگەیاند: "بابەتی سەرەکیی هەموارکردنەوەی ماستەرپلان، ئاراستەکردنی گەشەی شاری هەولێرە تاوەکو ساڵی 2050، کە بە شێوەیەک رێکدەخرێت تا گەشەپێدانی بەردەوام بەدی بێنێت. لەم چوارچێوەیەدا 26 دیدگەی جیاواز لە چەند بوارێکدا داڕێژراون و چەندین ستراتیجی بۆ بەدیهێنانیانی ئامادە کراون."

وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەکردنی ماستەرپلانەکە بە شێوەیەکی زانستی جێبەجێکراوە و رەچاوی مێژوو، رابردوو، بارودۆخی ئێستا و پێشکەوتنی ئاینئەندەی هەولێر کراوە؛ بە جۆرێک بوارەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا، پیشەسازی، ئابووری، کولتوور، گواستنەوە و گەیاندن، خۆپاراستن لە لافاو، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ژێرخان، پاراستنی شوناس و گەشتوگوزار خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

سەبارەت بە ئاراستەی فراوانبوونی پایتەخت، ساسان عەونی روونی کردەوە: "بەگوێرەی ئەم ماستەرپلانە، لە داهاتوودا فراوانبوونی شاری هەولێر رووەو زێی گەورەیە بە ئاراستەی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا. ئەم فراوانکردنەش بەپێی شیکاریی زانستیی (Organization Potential Analysis) جێبەجێکراوە و پشت بە 19 فاکتەری جیاواز بەستراوە، لەوانە: نزیکی لە رووبار و سەرچاوەکانی ئاو، پلەکانی گەرما، رێڕەوی سروشتیی ئاو، ئاوی ژێرزەوی، لێژایی خاک، زەویی کشتوکاڵی، پشتێنەی سەوزایی، شوێنی خاشاک و پاڵاوگەکان، رێگاوبان، ناوەندەکانی هەلی کار، وێستگەی شەمەندەفەر، فڕۆکەخانە، شوێنە سروشتی و شوێنەوارییەکان."

پرۆژەی ماستەرپلانی نوێی هەولێر لە 15ی 12ی 2024 پێشکەش بە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و دوای تێبینییەکان لە 17ی 12 خسترایە بەردەم ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر و رەزامەندیی وەرگرت. جێبەجێکردنی ئەم ماستەرپلانە ئامانجیەتی لە چەند ساڵی داهاتوودا پێشکەوتنی زیاتر لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و خۆشگوزەرانی لە پایتەخت بێنێتە ئاراوە و هەولێر بباتە ئاستی شارە پێشکەوتووەکانی جیهان.