لە کەلار پێشانگەی کتێب کرایەوە
بە مەبەستی پەرەپێدانی خوێندنەوە و نزیککردنەوەی کتێب لە خوێنەران، پێشانگەیەکی کتێب کە کۆمەڵێک دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشداری تێدا دەکەن، لە کتێبخانەی گشتیی کەلار کرایەوە.
نەوزاد غەریب، سەرپەرشتیاری پێشانگەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "کردنەوەی ئەو پێشانگەیە بەبەشداری حەوت دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، بە مەبەستی پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوە و دەستگەیشتن بە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و فکرییەکانە، هەروەها لە پێشانگەکەدا کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر بۆ خوێنەران و سەردانکەران خراوەتەڕوو."
نەوزاد غەریب سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە گوتی، "ئەم پێشانگەیە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی گەرمیان رێکی خستووە و بە هاوکاریی ژمارەیەک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە وەکو دەزگاکانی فام، وەفایی، تەفسیر، ئاشتی، مانگ، موکریانی و یادگار بەشداریی ئەم پێشانگەیەیان کردووە و بەرهەمە کتێبییەکانیان بۆ خوێنەران پێشکەش دەکەن."
نەوزاد غەریب جەختی لەوەش کردەوە، "لە پێشانگەکەدا جۆرەها کتێب لە بوارە ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی، فکری و کولتوورییەکان بەردەستن، تا سەردانکەران بتوانن بە پێی حەز و پێویستییەکانیان کتێبی گونجاو هەڵبژێرن. هەروەها ژمارەیەک لە کتێبەکانی دەزگاکانی دیکەش لە پێشانگەکەدا بەردەست کراون."
سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پێشانگەکە، نەوزاد غەریب دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پێشانگاکە ئەوەیە کە کتێبەکان بە داشکاندنی تایبەت پێشکەش دەکرێن، بە شێوەیەک کە رێژەی داشکاندن دەگاتە تا 70%. ئەم داشکاندنە هەلی باشتر بۆ خوێنەران دروست دەکات بۆ کڕینی کتێب و بەدەستهێنانی بەرهەمە چاپکراوەکان بە نرخێکی گونجاوتر."
سەرپەرشتیاری پێشانگەکە باسی لەوەش کرد، "ئەم پێشانگەیە دەرفەتێکە بۆ خوێنەران و خۆشەویستانی کتێب کە لە ماوەی پێشانگاکەدا بەرهەمە جۆراوجۆرەکان ببینن و لە داشکاندنی تایبەتیی کتێبەکان سوود وەربگرن."
پێشانگەی کتێب، رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، لە کتێبخانەی گشتیی کەلار کرایەوە و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.