ئیسماعیل سابیر کتێبی "زەردەخەنەی دەستکرد"ی بڵاوکردەوە

کتێبی شیعری "زەردەخەنەی دەستکرد"، لە نووسینی شاعیر و نووسەر ئیسماعیل سابیرە، لەلایەن ناوەندی تەم چاپ و بڵاوکرایەوە. ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەم دەقانە دەکرێن بە دەنگدانەوەیەکی قووڵی هەستەکانی ناوەوەی مرۆڤ بزانرێن؛ دەنگدانەوەی ئەو ئازار و تەنیایی و هەستی نامۆبوونەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە لەگەڵیاندا دەژی."

یەکشەممە، 27ی ئەیلوولی 2026، ئیسماعیل سابیر، شاعیر و نووسەر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کتێبەم نزیکەی 140 لاپەڕەی قەبارە بچووکە، لە کۆمەڵێک شیعری جیاواز پێکهاتووە و ناونیشانی کتێبەکە خۆی لەخۆیدا ئاماژەیەکی رەخنەیی و فەلسەفی هەڵدەگرێت بۆ ئەو پەیوەندییە ناجێگیر و رووکەشانەی کە لە ژیانی هاوچەرخدا بوونیان هەیە. ئەم ناونیشانە بە شێوەیەکی رەمزی، دەکرێت ئاماژە بێت بەو دۆخەی تێیدا هەندێک لە هەست و پەیوەندییە مرۆییەکان لە راستیی خۆیان دوور دەکەونەوە و جێگەی هەستی راستەقینە، رووکار و نیشاندانی دۆخێکی دەستکرد دەگرێتەوە."

ئیسماعیل سابیر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەی گوتی، "ناوەڕۆکی شیعرەکانیش بە پێی بارودۆخ و جیهانی هەر شیعرێک، ئاماژە و وێنەیەکی جیاواز دەخەنەڕوو. لەم دەقانەدا هەوڵم داوە شیعرەکان لە رێگەی وێنەی هونەری و زمانێکی هەستیارەوە خۆی بگونجێنێت و خوێنەر بخاتە ناو جیهانێکی پڕ لە هەست و بیرکردنەوە."

ئیسماعیل سابیر جەختی لەوەش کردەوە، "لە روانگەیەکی دیکەوە، ئەم دەقانە دەکرێن بە دەنگدانەوەیەکی قووڵی هەستەکانی ناوەوەی مرۆڤ بزانرێن؛ دەنگدانەوەی ئەو ئازار و تەنیایی و هەستی نامۆبوونەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە لەگەڵیاندا دەژی. شیعرەکان هەوڵ دەدەن لە ناو ئەم دۆخەدا بەدوای مانای هەست، پەیوەندی و ژیانی مرۆییدا بگەڕێن."

سەبارەت بە بابەتە هەستیارەکانی ناو دەقە شیعرییەکە، ئیسماعیل سابیر دەڵێت، "من بە زمانێکی خەمگین و هونەری، دەچمە ناو بابەتەکانی نادادی و هەژاندنی هەستەکان لە سەردەمی ئەمڕۆماندا و لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی شیعری لە بێوەفایی و پەیوەندییە مرۆییەکان دەدوێم. لە ناوەڕۆکی شیعرەکانم دا، وێنەی خەم و ئازارەکانی مرۆڤی سەردەم بە زمانێکی پڕ لە هەست و سۆز دەخەمە بەردەمی خوێنەران."

ئیسماعیل سابیر باسی لەوەش کرد، "من لە دەقەکانم دا تەنیا بە باسکردنی رووداو و دۆخە دەروونییەکانەوە ناوەستم، بەڵکو بە بەکارهێنانی وێنەی هونەری و ئاماژەی جیاواز، هەوڵ دەدەم خوێنەر لەگەڵ هەستی ناوەوەی دەقەکانم دا هاوبەش بکەم. بەم شێوەیە، هەر شیعرێک دەتوانێت رەنگێک لە خەم، تەنیایی، بێوەفایی، پرسیار و گەڕان بەدوای مانادا لەخۆ بگرێت."

ئیسماعیل سابیر، شاعیر و نووسەر، خەڵکی شاری هەولێرە و تا ئێستا سێ کتێبی شیعری بڵاوکردۆتەوە. ئەو لە بواری شیعری نوێدا بە شێوەیەکی قووڵ و ورد دەنووسێت و لە دەقەکانیدا هەوڵ دەدات بە زمانی شیعری، لەگەڵ دۆخە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمەکەی گفتوگۆ بکات.