کتێبی "لەنگەری ئارامی" نەخشەڕێگای سەركەوتن و بەرەنگاربوونەوەی كێشەكان بڵاو کرایەوە
نووسەری کتێب رایگەیاند؛ ئەم كتێبە ئەزموون و ئەندازیارییەکی نوێی (کۆمەڵناسیی دەروونیی کردارییە) یەكەمین كتێبە بەم تەكنیكە بە زمانی شیرنی كوردی بنووسرێت، یەکەمین هەوڵی رەسەنی کوردییە کە بە تەکنیکێکی داهێنەرانە (چیرۆک و ژینگەسازی + شیکاریی کۆمەڵناسی و دەروونی + ڕاهێنانی پراکتیکی) داڕێژراوە، تا خوێنەر لە وەرگرێکی یاخود خوێنەرێكی ناچالاکەوە بکاتە بەشداربوو و کاپتنی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییەکانی ژیانی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، وریا مەعروف گەردی نووسەر، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، رایگەیاند؛ كتێبی (لەنگەری ئارامی؛ نەخشەڕێگای سەركەوتن و بەرەنگاربوونەوەی كێشەكان) لە دە بەش پێكهاتووە و 229 لاپەڕەیە دابەشبووەتە سەر چوار قوناخی ژیان. نەخشەڕێگایەکی وردە خوێنەر تیایدا هەنگاو بە هەنگاو بە ناو چوار قۆناخی بونیادنەردا تێدەپەڕیت تا کارەکتەری خۆت لە سەر زەوی واقیع وەک چیا بچەسپێنیت:
قۆناخی یەکەم (عەقڵی هۆشیار): ناسینی شوناسی (ناسنامە) راستەقینە و دروستکردنی ئیرادەی پۆڵاین. قۆناخی دووەم (زریانی قەیرانەکان): هونەری مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان. کەمکردنەوەی ژەهری دیجیتاڵی و فەلسەفەی دووبارە دەستپێکردنەوە. قۆناخی سێیەم (کەناری ئارامی): بونیادنانی پەیوەندیی تەندروست و بەجێهێشتنی جێدەست. قۆناخی چوارەم (ڕێنمایی مانەوە و بەردەوامی): یاساکانی رێكخستنی ناخ و دروستکردنی مێژووی کەسی.
ئەم كتێبە بەو ئامانجە نووسراوە ببێتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت كۆنترۆڵی ژیانی خۆی بكات و پەرە بە تواناكانی بدات، چونكە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە جەنجاڵی، ژاوەژاوی دیجیتاڵی و لافاوی قەیرانەکان، بە بێدەنگی شوناس و ئیرادەی تاکیان ون کردووە. زۆربەی مرۆڤەکان دەپرسن: لە ناو ئەم زریانی ناخۆشی و جەنجاڵییەدا، چۆن هاوسەنگی و ئارامی و ئۆقرەیی دەروونی؟ چۆن لە ناو ئازارەکاندا ببمە پۆڵا و کاپتنی راستەقینەی کەشتیی ژیانی خۆم؟
ئەم كتێبە سێیەمین كتێبی نووسەرە و خاوەن چەندین توێژینەوەی زانستیشە. مامۆستای زانكۆیە و ئێستا بۆ دکتۆرا لە بوارەکی خۆیدا دەخوێنێت.