ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە
سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026، ناوی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2027 و 2028 بە تیروپشک دیاریکرا. پرۆسەکە بە هەماهەنگیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
وریا بالیسان، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ناوان رایگەیاند: "لە پرۆسەکەدا رەچاوی رێژەی داواکاریی حاجیان کراوە و پێشینە دراوە بەو کەسانەی ساڵی رابردوو ناویان لە تیروپشک دەرنەچووبوو".
هاوکات پرۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی حاجیانی جێگرەوە بۆ ساڵی 2027 دەستیپێکردووە. ئەو 2,400 کەسەی ساڵی رابردوو بە تیروپشک وەک جێگرەوە دیاریکرابوون، ئەمساڵ دەتوانن بەبێ تیروپشک بەشداریی پرۆسەی حەجی 2027 بکەن.
بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان، بڕی 6 ملیۆن دینار وەک گوژمەی یەکەم لە حاجیانی جێگرەوە وەردەگیرێت. پێویستە حاجیان تا وادەی دیاریکراو، بەڵگەنامە پێویستەکان لەوانە کۆپی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەگەڵ زانیارییە کەسییەکان ئامادە بکەن و سەردانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن.
سەبارەت بە خەرجییەکان، تێچووی کۆتایی حەجی ساڵی 2027 لەلایەن عێراقەوە رانەگەیەندراوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، کۆی ئەو کەسانەی بۆ حەجی 2027 ناویان هاتووەتەوە 5,120 کەسە، کە 2,400 کەسیان حاجیانی جێگرەوەن.
لەم لینکە ناوەکەت بدۆزرە.