دژەتیرۆری عێراق: دوو گەنجە کوردەکەی پردێمان بە هەڵە شەهید کردووە

دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە بارەی رووداوەکەی پردێ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دانینا بەوەی بە هەڵە دوو گەنجە کوردەکەی شارۆچکەی پردێیان شەهید کردووە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی سنووری پارێزگای کەرکووک و بە دیاریکراوی شارۆچکەی پردێ، روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوەو ئاماژەی داوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانی ئەنجامدراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانیان، بەڵام هیزەکەی دژەتیرۆر لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی چڕدا راوەدووی دوو تیرۆریستی داوە، کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێکراوی پێوەبووە و ئەوی دیکەش چەکدار بوو، بەنیازبوون کردەی تیرۆریستی لە نێو خەڵکی مەدەنیدا بکەن، بەڵام لەکاتی رووبەڕووبوونەوەدا بۆ رێگری لە تیرۆریستەکان، یەکێکیان کوژرا و یەکێکی دیکەش دەستگیر کرا. لەم نێوەندا دوو هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و چوار ئەندامی دەزگای دژەتیرۆریش برینداربوون.

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای رووداوەکە، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە راستییەکان پێکهێنراوە، هەروەها دەزگای دژەتیرۆر دڵگرانی خۆی بۆ شەهیدکردنی ئەم دوو گەنجە کوردەی پردێ دەربڕێوەو پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاریان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

دەزگاکە ئەوەشی رایگەیاندووە، پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان ئەرکی سەرەکییانە و بە یاسا و رێسا کارپێکراوەکان و بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پیشەیی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا پابەندن، هاوکات دڵنیایی دەدات لە ئاشکراکردنی تەواوی راستییەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەدا.

یەکشەممە، 27ـی مانگی رابردوودا، بەهۆی پێکدادانێک لەنێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی پردێی سنووری نێوان کەرکووک، دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی موراد زانا و محەمەد هێمن شەهیدکران، هەرچەندە دوای دوو رۆژ تەرمی محەمەد لە نەخۆشخانەی ئازادی دۆزرایەوە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بە ئەندامی داعش ناسێندرابوو، ئەمەش کاردانەوەی توندی کەسوکاری ئەم گەنجە و هاووڵاتیانی کوردی لێکەوتەوە و سەرەنجام حکوومەتی عێراق ناچارکرا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و راستیەکان بۆ رای گشتی بڵاوکراوەتەوە.