کاتژمێر 12:00 ئەنجامی زانکۆلاین رادەگەیەنرێت

کاتژمێر 12:05 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجامی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رادەگەیەنرێت.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، 70% ـی دەرچووانی پۆلی 12 داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان لە رێگەی زانکۆلاینەوە پێشکەش کردووە. گوتیشی، بە گوێرەی پلانی وەزارەت سەرجەم دەرچووان وەردەگیرێن و ئەمساڵیش گۆڕانکاری لە نمرەی وەرگرتنی قوتابییان کراوە، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی قوتابییانن.

 گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەروو، دوای راگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین، رۆژی دواتر واتە سبەی دووشەممە، 05ـی تشرینی یەکەم، راستەوخۆ دەست بە وەرگرتنی مامەڵەی قوتابییانی قۆناخی یەکەم بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکرێت. داواشی لە وەرگیراوان کرد راستەوخۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن و زانکۆکانیش ئامادەکاری تەواویان بۆ پێشوازی لە قوتابییان کردووە.

ئەمساڵ لە کۆی 117 هەزار و 142 قوتابی کە لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردبوو، 40 هەزار و 46 قوتابی توانیویان لە خولی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبێنن. بە گوێرەی پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوانەی ئەمساڵ مافی وەرگرتنیان لە زانکۆکان هەیە 30 هەزار و 847 دەرچووی بەشی زانستی، حەوت هەزار و 923 دەرچووی بەشی وێژەیی و هەزار و 240 بەشی ئامادەییە پیشەییەکان و 706 دەرچووی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانن.