لە 50%ـی کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە تەواو بوو
کارەکانی پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دووسایدی هەولێر - کۆیە بەردەوامییان هەیە و تاوەکو ئێستا لە 50%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، کارەکانی پڕۆژەی دووسایدی نێوان هەولێر - کۆیە 50%ـی تەواوکراوە و کارکردن لە بەشەکەی دیکەش بەردەوامە.
رێگەی هەولێر-کۆیە، یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکانی بواری ژێرخانی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان.
ئەم پڕۆژەیە بە درێژایی 37 کیلۆمەترە، بە تەواوی لەلایەن ئەندازیاران و دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێدەکرێت و چەندین ژێرپرد (ئەندەرپاس) و بەرزەپرد (ئۆڤەرپاس) لەخۆدەگرێت. هاوکات ئێستا بەشێکی بەرچاو و فراوانی رێگاکە بە سێ چینی ستاندارد قیرتاوکراوە و کارەکان بە خێرایی لە قۆناخە جیاوازەکاندا بەرەوپێش دەچن.
بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەم رێگایە لە یەکسایدێکی پڕ مەترسییەوە دەبێتە جووتسایدێکی خێرا و مۆدێرن، جگە لە بەرزکردنەوەی بەرچاوی ئاستی سەلامەتی بۆ شۆفێران، ماوەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و کۆیە بە نزیکەی 20 بۆ 25 خولەک کورتدەکاتەوە.
رێگای کۆنی نێوان هەولێر و کۆیە ساڵانێکی زۆر بەهۆی تەسکبوونەوە و قەرەباڵخیی بەردەوام، شوێنی رووداوی دڵتەزێنی هاتوچۆ بووە و لەنێو هاووڵاتییان و شۆفێراندا بە "رێگای مەرگ" ناوی دەرکردبوو. ئەم رێگایە تەنیا هەولێر بە قەزای کۆیەوە گرێ نادات، بەڵکو رێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوە، ئابووری و گەشتیارییە کە هەولێری پایتەخت بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.