بەرگریی شارستانیی هەرێم: زیاتر لە 10 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە

 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان نوێترین ئاماری فەرمیی تایبەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، خنکان و فریاگوزارییە جۆراوجۆرەکانی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکە هەزاران رووداو و دەیان حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سەرانسەری هەرێم تۆمار کراون.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرکەوت کارەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، کۆی گشتیی رووداوە تۆمارکراوەکان لە ماوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 12 هەزار و 963 رووداوی جۆراوجۆر. لەو ژمارەیەش، 10 هەزار و 169 حاڵەتیان تەنیا رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوون لە سەرتاسەری شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رایگەیاند،، 78 حاڵەتی خنکان لە سەرچاوە ئاوییەکاندا تۆمار کراون، هاوکات لە کۆی سەرجەم رووداوە جیاوازەکاندا 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە رووی دابەشبوونی جوگرافی و جۆری رووداوەکانیشەوە گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم رایگەیاند، پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووە بۆ زۆرترین تۆمارکردنی رووداو. لە لایەکی دیکەوە، لە پارێزگای هەولێر رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵاندا لە پلەی یەکەمی جۆری ئاگرەکاندا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا زیانێکی بەرچاو بەر هۆکارەکانی گواستنەوە کەوتووە و سووتانی 608 ئۆتۆمبێل بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە تۆمار کراوە.

 ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و خنکان لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە زیادبوون دەکەن. بەپێی بەدواداچوون و راپۆرتەکانی پێشووتری بەرگریی شارستانی:

هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە، شۆرتی کارەبا هەمیشە پشکی شێری لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکاندا بەردەکەوێت کە زیاتر لە نیوەی رووداوەکان پێکدەهێنێت، ئەوەش بەهۆی خراپیی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا و بەکارهێنانی کەلوپەلی بێ کوالێتی، لە پاڵ کەمتر پابەندبوونی بازاڕە میللییەکان، کۆگا و باڵەخانەکان بە سیستەم و مەرجەکانی سەلامەتی و بەرگریی شارستانی.

سەبارەت بە رووداوەکانی خنکان، زۆربەی ئەم رووداوانە لە وەرزی گەشتوگوزاردا لە سەرچاوە ئاوییەکان، رووبار و بەنداوەکاندا تۆمار دەکرێن، سەرەکیترین هۆکارەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ مەلەکردن لە ناوچە قەدەغەکراو و مەترسیدارەکان و نەشارەزایی هاووڵاتییان لە مەلەوانیدا سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان.

هەروەها لە بارەی ئاگرگرتنی ئۆتۆمبێل لە ساڵانی دواییدا ئەم دیاردەیە لە شەقامەکاندا زیاتر بووە، پسپۆڕان و تیمەکانی فریاگوزاری هۆکارەکەی بۆ دەستکاریکردنی ناپڕۆفیشناڵانەی سیستەمی کارەبایی ئۆتۆمبێلەکان، کێشەی سیستەمی سووتەمەنی و گەرمای توند وەرزی هاوین دەگەڕێننەوە.