شارەوانیی بنەسڵاوە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی بارانبارین دەستپێدەکات
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین و بە مەبەستی رێگری لە دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، سەرۆکایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە هەڵمەتێکی بەرفراوانی مەیدانیی بۆ خاوێنکردنەوە و دروستکردنی رێڕەوەکانی ئاو لە سنوورەکە دەستپێکردووە.
چوارشەممە 7ـی تسرینی یەکەمی 2026، زریان سەباح، سەرۆکی شارەوانیی بنەسڵاوە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ساڵانە پێش دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، تیمەکانی خزمەتگوزاری لە رێگەی پێکهێنانی سێ لێژنەی پسپۆڕ و تایبەتمەندەوە دەست دەکەن بە خاوێنکردنەوەی کەندە سروشتییەکان، مەنهۆڵ و رێڕەوە ئاوییەکان، بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لە کاتی بارانباریندا بکرێت.
سەرۆکی شارەوانی بنەسڵاوە رایگەیاند، جیا لە پاککردنەوەی رێڕەوە کۆنەکان، لەو شوێنانەی لە ساڵانی رابردوودا گرفتیان تێدا دروست دەبوو کار بۆ کردنەوە و دروستکردنی رێڕەوی نوێ دەکرێت، لەوانەش ناوچەی پیشەسازیی بنەسڵاوە کە لە ساڵانی رابردوودا کۆبوونەوەی ئاو تێیدا کێشەی بۆ هاووڵاتییان دروست کردبوو، ئێستا رێڕەوێکی تایبەتی بۆ ئاوەڕۆکەی دروست دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو گرفتە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.
زریان سەباح گوتی، دەربارەی پردی کۆنی بنەسڵاوە دەرخستەیان ئامادە کردووە و داواکارییان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ جێبەجێکردنی راستەوخۆی پڕۆژەکە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە تیمەکانی شارەوانی بەردەوام چاودێریی سەرجەم هەشت گەڕەکەکەی بنەسڵاوە دەکەن بۆ خاوێنکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئاوەڕۆ و مەنهۆڵەکان.
لە کۆتاییدا سەباح، داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە هۆشیارییەکان بن و خۆیان لە فڕێدانی پاشماوە و زبڵ بۆ ناو مەنهۆڵەکان بەدوور بگرن بۆ ئەوەی نەبنە هۆی گیرانی رێڕەوەکان، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رێگەی راگەیەندراوەکانەوە ژمارەی پەیوەندیکردنی بەپەلەیان بڵاوکردووەتەوە تاوەکو لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا هاووڵاتییان پەیوەندییان پێوە بکەن، ئەم پڕۆسەیەش تا تەواوبوونی سەرجەم کارە پێویستەکان بەردەوام دەبێت.