حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ لە دادگای تاوانەکانی 2ی سلێمانی، حەوتەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و 11 راگیراوەکەی لالەزار بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە هەموو راگیراوەکان لە بەرامبەر دادگا ئامادە ببن.

پێنجشەممە، 8ی ئۆکتۆبەری 2026، دانا تەقیەددین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لەم دانیشتنەدا گوتەی کۆتایی لە لاهوور شێخ جەنگی وەربگیرێت، بەڵام دڵنیا نین لەوەی کە دادگا بەڵگەی دیکە دەخاتە روو یاخود نا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەڵگانەی تاوەکو ئێستا خراونەتە بەردەم تیمی پارێزەران باوەڕپێکراو نین.

گوتەبێژی تیمی پارێزەران باسی لەوەش کرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ یەکلاکەرەوەیە بۆ کەیسەکە و بە تایبەتی بۆ ئازادکردنی بەشێک لە تۆمەتباران. هەروەها دوو ئەگەری خستە روو: یان ئەوەتا بەشێک لە تۆمەتباران ئازاد دەکرێن و دوای وەرگرتنی دوا وتەیان ئاراستەی دادوەر دەکرێن، یاخود ئەو سزایەی لەسەریانە لەلایەن دادوەرەوە بۆیان روون دەکرێتەوە.

رووداوەکانی هۆتێل لالەزار دەگەڕێتەوە بۆ بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025، کاتێک هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشیان کردە سەر ئەو هۆتێلە لە شاری سلێمانی. لەو رووداوەدا دوای چوار کاتژمێر لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئەو هێزانە و چەکدارانی هێزی تایبەتی بەرەی گەل بە بەکارهێنانی چەکی قورس، چەندین چەکدار لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.