سێنتکۆم: هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووە بە خاڵی سفر

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، پشتیوانیمان لە هەناردەکردنی زیاتر لە 1.25 ملیار بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمز کردووە

پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانییان لە گواستنەوە و هەناردەکردنی زیاتر لە 1.25 ملیار بەرمیل نەوتی خاو کردووە لە وڵاتانی هاوبەشی کەنداو و لە رێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕیون.

لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، لە بەرامبەردا ئێران لەو ماوەیەدا نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیش هەناردەی دەرەوە بکات، بەهۆی ئەو گەمارۆ دەریاییە توند و پۆڵایینەی هێزەکانی ئەمریکا بەسەر سەرجەم بەندەرەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاندوویانە.

راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم دوای دێت، محەمەد رەزا نەقدی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، "گەرووی هورمز داخراوە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی ئێران دایە".

 هاوکات گوتیشی "ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت تا داواکارییە رەواکانی ئێران جێبەجێدەکرێت".