دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین لە ریزبەندی باشترین2%ی زانایانی جیهاندا دەستنیشان کران
زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی لە ریزبەندیی ساڵانەی خۆیدا بۆ کاریگەرترین زانایانی جیهان، دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدینی لەنێو باشترین 2%ـی زانایانی جیهان پۆلێن کرد.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "بە شانازییەوە ناوی هەردوو مامۆستای زانکۆمان؛ (پ.ی.د. بۆتان جەودەت عەبدوڵڵا) لە بەشی فیزیا و (پ.ی.د. هاژە عومەر عوسمان) لە بەشی کیمیا، لە ریزبەندیی باشترین 2%ـیـی زانایانی جیهان لەلایەن زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی دەستنیشان کران."
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین جەختیشی کردەوە " ئەم دەستکەوتە زانستییە گەورەیە مایەی شانازییە بۆ زانکۆی سەڵاحەدین و کاروانی ئەکادیمیی هەرێمی کوردستان، و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازین."
ڕیزبەندیی باشترین ٢٪ـی زانایانی جیهان (World’s Top 2% Scientists List)، بنکەدراوەیەکی جیهانیی ساڵانەیە کە لەلایەن زانکۆی بەناوبانگی "ستانفۆرد"ی ئەمریکی بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای بڵاوکراوەی زانستیی جیهانیی "Elsevier" ئامادە دەکرێت. ئەم پۆلێنکردنە کاریگەرترین توێژەر و زانایانی سەرانسەری جیهان لەسەر بنەمای پێوەرە ستانداردەکانی ئاماژەپێدان (Citations) لە بنکەدراوەی نێودەوڵەتیی "سکۆپەس - Scopus" دەستنیشان دەکات.
ئەم ڕیزبەندییە چی دەپێوێت؟
ڕیزبەندییەکە زیاتر لەوەی پشت بە ژمارە و بڕی توێژینەوە بڵاوکراوەکان ببەستێت، سەرنج دەخاتە سەر کاریگەریی زانستی توێژەرەکە؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێوەرێکی پێکهاتوو بە ناوی (c-score) بەکاردەهێنێت کە چەندین ڕەهەند لەبەرچاو دەگرێت، لەوانە:
کۆی گشتیی ئاماژەپێدانەکان (Total citations).
پێوەری هاوسەنگیی توێژینەوە (h-index).
ڕەچاوکردنی ژمارەی بەشداربووان لە توێژینەوەکەدا (co-authorship).
پێگەی نووسەر لە توێژینەوەکەدا (وەک نووسەری سەرەکی، نووسەری یەکەم، یان نووسەری کۆتایی).