بەقایی: فەرەنسا بەدوای قۆرخکردنی باڵادەستیی ئەتۆمیدایە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی رەخنەی لە هەڵوێستە دژبەیەکەکانی فەرەنسا سەبارەت بە پرسی چەکی ئەتۆمی گرت و پاریسی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەدوای قۆرخکردنی هێز و تۆقاندندایە و ئاشتیی راستەقینەی بۆ سەرجەم گەلان ناوێت.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی بەرپرسانی فەرەنسا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاماژەی بە وتەیەکی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا کرد لە کاتی تاقیکردنەوەی مووشەکێکی بالیستیکی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەبووە، کاتێک وتبووی: بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێت ترسناک بیت، و بۆ ئەوەی ترسناک بیت، دەبێت بەهێز بیت. هاوکات بەقایی روونیکردەوە لە بەرامبەردا هەمان ئەو سەرۆکە سەبارەت بە ئێران دەڵێت: ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، نە ئەمڕۆ، نە پێنج ساڵی دیکە و نە دە ساڵی دیکە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پرسەکە ئەوە نییە بۆچی فەرەنسا خاوەنی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمییە، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەو لۆژیکەی بۆ فەرەنسا مسۆگەرکەری ئاسایش و ئازادییە، بەرامبەر بە ئێران تەنانەت لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییە مەدەنییەکەشیەوە کە لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدایە، دەستبەجێ دەگۆڕێت بۆ هەڕەشە؟
بەقایی جەختیکردەوە، کە راستییە تاڵەکە ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا ئاشتییان بۆ هەمووان ناوێت، بەڵکوو بەدوای قۆرخکردنی ترساندن و رەوایەتیدان بە تۆقاندندا دەگەڕێن تا خۆیان بەهێز و ئەتۆمی بمێننەوە و وڵاتانی دیکەش لە مافی وزەی ئاشتیخوازانە بێبەش بکەن بە بیانووی وێنەیەکی ساختە لە هەڕەشەی ئەتۆمی.
لە کۆتاییدا دووپاتیکردەوە، ئەو ئاشتییەی زلهێزە ئەتۆمییەکان چەکەکانی خۆیانی تێدا بە گەرەنتیی ئازادی بزانن بەڵام بۆ وڵاتانی دیکە بە هەڕەشەی هەژمار بکەن، ئاشتی نییە بەڵکو قۆرخکردنی دەسەڵاتە لەسەر بنەمای خۆبەزلزانی، سیستەمێکیش کە ئاسایش و ئاشتی بە مافی هەموو لایەک نەزانێت، لەبری پاراستنی ئارامی دەبێتە هاندەری باڵادەستخوازیی تاقمێکی دیاریکراو.