ئەمریکا سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند و دادگاکەش رەتیدەکاتەوە کارەکانی بوەستێنێت

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزای نوێی بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاندووە و هۆشداریی توندی دا کە ئەگەر دادگاکە لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی نەوەستێت، واشنتن کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی دەکات، دادگاکەش رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری کار و چالاکییەکانی بێت. 

هەینی 9ـی تشرینی 2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی راوەدوونان و دادگاییکردن بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی بکات و گوتی: ئێمە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دادگا یاخییە قەدەغە دەکەین، سەرچاوە داراییەکانی لێ دەبڕین و توانای کارکردنی لە دژی خۆمان ئیفلیج دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەشی کرد: یان دەبێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەڕەشەکانی رابگرێت، یاخود کۆتایی بە بوونی دەهێنین. هاوکات داوای لەو هاوپەیمانانەی ئەمریکاش کرد کە ئەندامن لە دادگاکە و بۆ پاراستنیان پشت بە سەربازانی ئەمریکا دەبەستن، رێگری لە هەڵسوکەوتەکانی دادگاکە بکەن. رۆبیۆ روونیکردەوە ئەم رێکارە بۆ ئەوە گیراوەتە بەر تا وڵاتانی ئەندام لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەرێک بۆ نیگەرانییەکانی واشنتن بدۆزنەوە، بە پێچەوانەوە هەنگاوی توندتر دەگرنە بەر.

لە بەرامبەردا، نزهات شەمیم خان، جێگری داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز سزاکانی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بە ئامانجی لێدانی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی و لاوازکردنی دامەزراوەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە. جەختیشیانکردەوە، سزاکان رێگری لە کارەکانیان ناکەن و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ سەرجەم لێکۆڵینەوە و کەیسەکانیان.

سەپاندنی سزاکان تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە یەکێک لە دادوەرە پێشووەکانی دادگاکە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا. ئیدارەی ترەمپ مێژوویەکی درێژی لە دژایەتیکردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەت دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل لەوانەش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. سزاکانی ئەمجارەی واشنتن لەوانەیە ئەو کۆمپانیا و لایەنانەش بگرێتەوە خزمەتگوزاری بە دادگاکە پێشکەش دەکەن.