واشنتن پۆست: بڕینی دەمارە ئابوورییەکانی ئێران خێراترین رێگەیە بۆ ناچارکردنی تاران بە رێککەوتن

 رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی دەیەوێت بە خێرایی لەگەڵ ئێران بگاتە چارەسەرێک، پێیوایە سەپاندنی گەمارۆ و بڕینی دەمارە ئابوورییەکانی تاران خێراترین رێگەیە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکردووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان تاوتوێی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە ماوەی کەمپەینی گوشاری ئابوورییان لەسەر ئێران کردووە و گوتی: «کات لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدایە سەبارەت بە گەمارۆدانی ئێران و وادەی گەیاندنی گورزی کوشندە بە ئابووریی ئەو وڵاتە.»

بەرپرسەکەی ئیدارەی ترەمپ روونیکردەوە، گەمارۆدانی تاران کاریگەریی سزاکان بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی بێبەشکردنی ئێران لە پشتبەستن بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە: ئەوان دەیانەوێت لە زووترین کاتدا بگەینە چارەسەرێک، تاوەکو هاوپەیمانەکانمان خێراتر دەمارە ئابوورییەکانی ئێران ببڕن، تاران زووتر درک بەوە دەکات کە هیچ دەرچەیەکی لەبەردەمدا نەماوە و ئەوانیش لە دۆزینەوەی چارەسەر نزیکتر دەبینەوە.

لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی ئەمریکا ستراتیجیی ئەوپەڕی گوشاری دژ بە تاران گەیاندووەتە قۆناخێکی نوێ، بە جۆرێک جیا لە سەپاندنی سزای دارایی و بانکیی توند، گەمارۆیەکی دەریایی بەرفراوانی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە بە مەبەستی سفرکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە. واشنتن لە رێگەی ئەم گەمارۆ ئابوورییە چڕەوە هەوڵ دەدات تاران ناچار بە کەمکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و ملدان بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و ئەمنی بکات، لە کاتێکدا بەشێک لە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانن لەوەی درێژەکێشانی ئەم گەمارۆیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی جیهانیی وزە و سەقامگیریی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵێت.