موحسین رەزایی، رۆژئاواییەکان دەبێت ئامادەی دووبارەبوونەوەی شکستەکانیان بن

ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە پەیامێکدا هۆشداریی توندی دایە سەرکردەکانی رۆژئاوا و رایگەیاند، ئەو لایەنانەی لە رووبەرووبوونەوەی ئێراندا پەنا بۆ مێژوو دەبەن، دەبێت ئامادەی چۆکدادان و دووبارەبوونەوەی شکستە دێرینەکانیشیان بن.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە پەیامێکدا ئاراستەی بەرپرسانی رۆژئاوای کردووە نووسیویەتی، کاتێک دوای شکست و سەرشۆڕی لە بەرامبەر ئێراندا، روو لە ئەسینا دەکەن تا گێڕانەوەیەک بۆ جەنگی شارستانییەتەکان دروست بکەن، باشترە بەشێکی دیکەی گرنگی مێژووش بخوێننەوە، ئەو شوێنەی ئیمپراتۆری رۆم لە بەردەم شاپووری یەکەمی ساسانیدا چۆکی دادا. ئەو کەسەی پێی مێژوو رادەکێشێتە ناو کایەکەوە، دەبێت بۆ دووبارەبوونەوەشی ئامادە بێت!

ئەم لێدوانەی رەزایی وەک وەڵامێک دێت بۆ هەوڵی بەرپرسانی رۆژئاوا لە بەستنەوەی ململانێی ئێستای ناوچەکە بە مێژووی دێرینی جەنگەکانی یۆنان و ئیمپراتۆریەتی فارس، کە تێیدا رەزایی بەبیرهێنانەوەی بەدیلگرتن و چۆکدادانی ئیمپراتۆری رۆمی (ڤالێریان) لە بەرامبەر پاشای ساسانیدا، وەک پەیامێکی هەڕەشەئامێز بەکارهێناوە بۆ جەختکردنەوەی لە توانای ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی گوشارەکانی رۆژئاوا.