سێنتکۆم: رێڕەوی 133 کەشتیمان گۆڕیوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، لەو کاتەوەی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران دەستی پێکردووەتەوە، رێڕەوی 133 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە.

هەینی 9ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) ئاشکرایکرد، گفتوگۆیەکی ئەلیکترۆنییان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لە کەرتی گواستنەوەی دەریایی سەبارەت بە گەرووی هورمز کردووە. هاوکات روونیکردەوە، جموجۆڵی بازرگانی لە رێگەی گەرووەکەوە لە زیادبووندایە.

هاوکات رایگەیاندووە، لە سەرەتای سەپاندنی گەمارۆیی دەریایی سەر ئێران لە مانگی تەممووزی رابردووەوە تا ئێستا، رێڕەوی 133 کەشتییان گۆڕیوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوودا، ئەمریکا رێڕەوی 194 کەشتیی گۆڕی و 9 کەشتیی دیکەشی لە گەڕی یەکەمی گەمارۆکەدا راگرت.

ئەم هەنگاوە سەربازییەی سێنتکۆم لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو وڵاتەوە دەدات.