15 شێفی کوردستان لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا کێبڕکێ دەکەن

بە بەشداریی 200 شێف لە 18 وڵاتی جیاوازەوە، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شێفەکان لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت و 15 چێشتلێنەری هەرێمی کوردستانیش بە مەبەستی ناساندنی چێشتخانەی کوردی و راکێشانی گەشتیار لە کێبڕکێیەکەدا بەشدارن.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەغدای پایتەختی عێراق، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شێفەکان بە بەشداریی 200 چێشتلێنەر لە 18 وڵاتی جیاوازەوە دەستی پێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. 

 لەم پێشبڕکێیەدا هەرێمی کوردستان بە 15 شێف لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکەوە بەشدارە و کێبڕکێ لەسەر ناسناوەکان دەکەن.

شێفە کوردەکان بە دروستکردنی جۆرەها خواردن و شیرینی هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی لێژنەی هەڵسەنگێنەران دەدەن. شێف وەلید جەعفەر، یەکێک لە بەشداربووەکانی هەرێمی کوردستان، سەرقاڵی ئامادەکردنی شیرینییەکی فەرەنسییە بە ناوی "تارت" و گەشبینە بەوەی بتوانێت ئەنجامێکی باش لە پێشبڕکێیەکەدا بەدەست بهێنێت.

بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ کێبڕکێی چێشتلێنان نییە، بەڵکوو ئامانجێکی گەشتیاریی گەورەتری لەپشتەوەیە. لەم بارەیەوە سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی سەرەکییان ناساندنی چێشتخانەی کوردی و دەستڕەنگینیی شێفەکانی کوردستانە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، دەیانەوێت لە رێگەی ئەم فیستیڤاڵەوە گەشتیارانی عەرەبی و بیانی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن، ئەمەش یەکێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان و هەمەجۆرکردنی کەرتی گەشتیاری.

لەبارەی چۆنیەتیی هەڵسەنگاندنی بەشداربووانەوە شێف ئەنمار عەبدولستار، دادوەر لە پێشبڕکێی شێفەکان، بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، لێژنەی دادوەری لە کەسانی پسپۆڕ لە ئەوروپا، ئاسیا و عێراق پێکدێت. پێوەرە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنیش بریتین لە پاکوخاوێنی لە کاتی کارکردن، تامی خواردنەکە، شێوازی پێشکەشکردن و دیزاین، لەگەڵ بەکارهێنانی بڕی دروستی کەرەستەکان بێ ئەوەی زیادەڕەوی یان کەموکوڕیی تێدا بکرێت.

 ئەو دادوەرە ستایشی خواردنە کوردەوارییەکانیشی کرد وەک کفتە و کەباب و باسی لەوە کرد، شێفەکانی کوردستان توانایەکی باشیان هەیە.

بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی خواردن و پێشبڕکێی شێفەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان مێژوویەکی هەیە و ساڵانە چەندین بۆنەی لەم شێوەیە رێکدەخرێن. ئامانج لەم فیستیڤاڵانە، کۆکردنەوەی کەلتوورە جیاوازەکان و ناساندنی خواردنی ناوچەکانە بە یەکتر.